وەزارەتی پەروەردە: زیاتر لە هەزار تۆن کتێب دەفرۆشین

وەزارەتی پەروەردە ئاشکرایکرد، لە رێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە نزیکەی هەزار و 321 تەن کتێبی کۆنی سوود لێوەرنەگیراو دەفرۆشێت.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، بۆ جاری دووەم هەڵدەستین بە ئەنجامدانی زیادەی ئاشکرا بە مەبەستی فرۆشتنی “کتێبی کۆنەی سوود لێوەرنەگیراو”، ئەمەش بەگوێرەی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2021)ی تایبەت بە فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت، بەمشێوەیەی خوارەوە:

– ئەو کتێبانەی کە دەیفرۆشین بە نزیکەی (1321) تەن دەخەمڵێنرێت، رەنگە ئەو بڕە زیاتر یان کەمتر بێت.

– کتێبەکان لە کۆگای ناوەندیی وەزارەت، کۆگای گشتیی پەروەردەی پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان و کۆگای پەروەردەی قەزاکان کۆکراونەتەوە، پێویستە کڕیار لە شوێنى دیاریکراوى خۆیان هەڵیبگرێت.

– ئەرکی هەڵگرتن و بارکردنی کتێبەکان دەکەوێتە ئەستۆی کڕیار.

– پێویستە کڕیار لە ماوەی 45 رۆژی تێکڕایی “بەبێ پشوو” ئەو کتێبانە لە هەموو کۆگاکان هەڵبگرێت و بیانگوازێتەوە، ئەگینا بە رێژەی 0.5%  لە بڕی بەرامبەری فرۆشتنەکە بۆ هەر رۆژێکی دواکەوتن زیادە دەچێتە سەر نرخی کتێبەکان، ئەمەش پاڵپشت بە مادەی  (31) بڕگەی (3) لە یاسای ژمارە (1) ساڵی (2021).

– پێویستە بەشداربوو لە رۆژی زیادەی ئاشکرا چەکێکی بانکی بە مۆری سەفتەجە بە بڕی (69.000.000) شەست و نۆ ملیۆن دینار وەک بارمتە لەگەڵ خۆی بهێنێت، ئەگینا مافی بەشداریکردنی نابێت.

– کرێی بڵاوکردنەوەی راگەیاندنی فرۆشتنەکە دەکەوێتە سەر ئەستۆی ئەو کڕیارەی بۆی دەردەچێت.

– رۆژی ئەنجامدانی زیادەی ئاشکرا لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو کاتژمێر 11:00ی بەیانی لە باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی چالاکی قوتابخانەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر لە گەڕەگی رووناکی، ئەنجامدەدرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share