شارەزایەکی کەشناسی، رایگەیاند، پاییزێکی وشک و کەمبارانی و سارد دەبێت.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، سبەینێ، رۆژی هەینی و شەممە پلەی گەرمی بەراورد بە رۆژانی رابردوو 3 بۆ 4 پلە بەرزدەبێتەوە.
وتیشی، لە 30ی ئەم مانگە و رۆژانی سەرەتای مانگی داهاتوو دووەم بارستە هەوای ساردی ئەمساڵ لە وشکانییەوە روودەکاتە ناوچەکانمان و پلەی گەرمی بەڕێژەیەکی زیاتر دادەبەزن و رەنگە ئەمجارە شەخسە بکەوێت و بەروبومی جووتیاران زیانیان پێبگات.
پشتیوان پێنجوێنی ئاماژەی بەوەشکرد، “جارێ بارانێکی باش و دڵخۆشکەر دەرنەکەوتووە و تەنها ئەگەرێک هەیە کە لە ناوچە شاخاوییەکان بارانێکی کەم ببارێت، پاییزێکی وشک و کەمبارانی و سارد دەبێت”.