ڕێواز فایەق: دۆخی پەیوەندی لایەنەكان ئەركی پەرلەمانی بەتەواوی قورس كردووە

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، “كات لە بەرژەوەندی كورد نییە” و دەشڵێت، دۆخی پەیوەندی لایە سیاسییەكان ئەركی پەرلەمانی بەتەواوی قورس كردووە.

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی كانونی دووەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، لە دۆخی پەیوەندی لایەنە سیاسیەكاندا لێكترازان و یەكتر نەخوێندنەوە هەیە، ئەمەش ئەركی پەرلەمانی كوردستانی بەتەواوی قورس كردووە، بەهەمان شێوە ئەركی دامەزراوە دەستورییەكانی تری قورس كردووە.

ئەو لێدوانەی ڕێواز فایەق ئەمڕۆ پاش كۆبوونەوەیەكی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا بوو بە ئامادەكاری لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەگەڵ بەرپرسی دەزگا و مەكتەبەكانی هەڵبژاردنی حزبە كوردستانییەكان.

سەرۆكی پەرلەمان ئامانجی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو و وتی، بەمەبەستی ڕێكخستنی هەڵوێست و شێوازی مامەڵەكردنیان بوو لەگەڵ هەڵبژاردنە گشتییەكانی عێراق لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەروەها بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ واقعی دۆخی ئەو ناوچانە و یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەوەشی وت، “ئەوەی لە كۆبوونەوەكە خوێندنمانەوە، سەرجەم تەكنیكی حزبەكان جەختیان لەوەكردەوە كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ یاسای نوێی هەڵبژاردن پێویستە حزبەكان یەكڕیز و یەك هەڵوێست بن و خۆیان لەگەڵ تەكنیكە نوێیەكە بگونجێنن”.

سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەشیدا، گەیشتینە ئەوەی لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكەوینە پەیوەندیكردن بۆ ئەوەی ئەم كۆدەنگییە دروست بكەین، هەروەها لەگەڵ مەكتەبی سیاسی حزبەكان بكەوینە گفتوگۆ بۆ ئەوەی ئەم یەكدەنگییە دروست ببێت لەبەر ئەوەی “كات لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نییە”.

ڕێواز فایەق ڕای حزبەكانیشی ڕونكردەوە كە سەرجەمیان پێداگیرییان لەسەر یەكڕیزی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم میكانیزمە نوێیە كردووەتەوە و، هەندێك لە لایەنەكانیش دوپاتیانكردوەتەوە كە هەموو جارێك پشتیوانی یەكڕیزین، بەڵام بەرهەمەكەی ناچننەوە، بەڵێنیان لە بارەی ئیستیحقاقەوە پێدەدرێت ئەگەر بە كورسی پەرلەمان و كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش نەبێت، بەڵام ئەو ئیستحقاقەیان پێنادرێت و لەو ڕوەوە داوای گەرەنتی قەرەبوو كردنەوەیان كردووە.

بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەگەرچی قسە لەسەر دواخستنیشی هەیە.

بۆ یەكەمجارە هەڵبژاردنەكە بەپێی یاسا هەمواركراوەكەی بەپێی سیستمی فرە بازنە و دابەشكردنی پارێزگاكان بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت.

بابەتی پێشتر

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا تاوتوێی دانوستانەکانی هەرێم و بەغدادیان کرد

بابەتی دواتر

بودجە و پشكی هەرێمی كوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share