کرۆس: 30 هەزار کەس هاتن بۆ بینینم، لێرەوە تێگەیشتم ڕیاڵ مەدرید چییە

کرۆس لە ڕیاڵ مەدرید مێژوویەکی تۆمارکردووە و هێشتا خەون بە چامپیۆنزلیگەوە دەبینێت

” ئەگەر هەستت بۆ نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان ببزوێت، جارێک و جارێکی دیکەش خەون بە بردنەوەیەوە دەبینیت، لە ئێستادا خەونم نازناوی پێنجەمە”.

ئەمە وتەی تۆنی کرۆس، ئەستێرەی ئەڵمانی یانەی ڕیاڵ مەدریدە لە چاوپێکەتونێکی تایبەت لەگەڵ پۆدکاستی (tom junkersdorf).

ساڵی 2014 کاتێک تۆنی کرۆس پەیوەندی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە کرد، تێبینی کرا هاندەرێکی بێشوومار لە ڕۆژی پێشکەشکردنی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادەبوون.

لەم بارەیەوە دەڵێت، ” زۆر سەرسام بوو، چونکە ڕۆژی یاریکردن نەبوو، بەڵکو ڕۆژی پێشکەشکردنم بوو بە هاندەران، هەرگیز لەو باوەڕەدا نیم لە هەر بۆنە و جێگەیەکی دیکە هێندە هاندەر کۆببنەوە بۆ بینینم، 30 هەزار کەس هاتبوون بۆ ئەوەی چاویان پێمبکەوێت، تاوەکو ببینن چۆن سێ چرکە یاری بە تۆپەوە دەکەم، ئەوەی بەرچاوکەوت جیاوازبوو لەهەر کۆبوونەویەکی دیکەی هاندەران لە یانەکانی دیکە”.

تۆنی کرۆس بە جامی چامپیۆنزلیگەوە لە نێوان وێنەگراندا

“30 هەزار کەس لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ کۆبوونەوە، نەک بۆ بینینی یارییەک، بەڵکو بۆ ئەوەی من ببینن سێ خولەک یاری بە تۆپەوە دەکەم”

لە ساتی پێشکەشکردنیەوە، مایسترۆ ئەڵمانیەکە لە بازنەی یاریزانە مەزنەکانی یانەی شاهانەدایە و هاوشێوەی گەوهەرێک، تاوەکودێت لە چامارتین دەدرەوشێتەوە.

لەبارەی ڕیاڵ و گەورەیی لۆس بلانکۆسەوە، دەڵێت، ” گرنگ نییە لە کوێیت، ئەمریکا، یان چین، لەهەر جێگەیەک بیت هەمان شتە، کاتێک کاردانەوەی هاندەران دەبینیت ڕاستەوخۆ لە مەزنی ڕیاڵ مەدرید تێدەگەیت”.

“گرنگ نییە لە ئەمریکایت، یان لە چین، یان 300 کیلۆمەتر لە مەدریدەوە دووریت، لەهەر جێگەیەک کاردانەوەی ناوازەی هاندەران بەرانبەر ڕیاڵ مەدرید دەبینیت”

سەرباری هەموو ئەو نازناو و دەستکەوتە بێشومارانەی لەگەڵ یانەی شاهانە بەدەستیهێناوە، تۆنی هێشتا یاریزانێکە خەونی یاریزانێکی لاوی هەیە، دەستکەوت و مێژووی یانەکەشی بەم شێوەیە وەسفدەکات، ” لێرە، سەرکەوتنەکان بۆ دوێنێ دەگەڕێنەوە، گرنگتریش داهاتوو و دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم نازناوەکانە”.

خواستی کرۆس لەسەر چامپیۆنزلیگ

کرۆس ئالودەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بووە، بەر لە وازهێنان دەیەوێت جارێکی دیکە جامە گوێچکەدارەکە بەرزبکاتەوە و دەڵێت، “ئەگەر هەستێکت بۆ نازناوی چامپیۆنزلیگ هەبێت، بە جارێک و جارێکی دیکەش تێری لێناخۆیت، جار لە دوای جار حەزت بۆی زیاد دەکات، ساڵێک و دووان بەسەریدا تێپەڕدەکەیت، بەڵام دەبینیت خۆشت و ئەوانی چواردەورت دیسانەوە خەونی پێوەدەبینن، لێرەدا بۆت دەردەکەوێت ئەو هەست و حەزە هەرگیز کۆتایی نایەت، لەگەڵ یەکجار ئەو هەستەت تاقیکردەوە چیتر کۆتایینایەت”.

یاریزانانەی “دای مانشافت” سەرەڕای ئەوەی چوارجار جامە گوێچکەدارەکەی چامپیۆنزلیگی بەرزکردووەتەوە، بەڵام خەون بە نازناوی پێنجەمەوە دەبینێت.

لە کۆتا دێڕی وەڵامەکانیدا دەڵێت، ” دەمەوێت نازناوی پێنجەم بەدەستبهێنم، ئەوەش کارێکی سەخت و قورس دەبێت، ئەگەر سەرکەوتنیش بەدەستنەهێنم کەس تەقەم لێناکات و نامکوژن، لەگەڵ چالاکیەکانی ئەم وەرزەدا هەوڵ بۆ ئەو نازناوەش دەدەین”.

بابەتی پێشتر

ژنێكی تەمەن 110 ساڵ دەبێتە ئەستێرەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان

بابەتی دواتر

شاندەكەی حكومەتی هەرێم جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share