لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا، شاندێکی باڵای وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم سەردانی تورکیا دەکات.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بە سەرۆكایەتی شاندێکی باڵای وەزارەت و بە بەشداری ژمارەیەک وەبەرهێنەری کوردستان و لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا سەردانەكەیان ئەنجامدا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتەكە لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەدا شاندەكە ڕۆژی یەكشەممە 25ی كانونی دووەم لەلایەن داود گول، پارێزگاری شاری غازی عەنتاب پێشوازیكراون و لە دیدارێكدا چەندین بابەتی “گرنگ” دەربارەی هەماهەنگی کشتوکاڵی و پیشەسازی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
مەبەستی سەرەکی ئەم سەردانە بەهێزکردنی پەیوەندی و گواستنەوەی ئەزموونی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی تورکیا و هاندان و بەشداری پێکردنی وەبەرهێنەرانی کوردستانە بۆ پێشخستن و داهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.
ئاماژەشیداوە، وابڕیارە له ئایندیەکی نزیکدا بەشێک لەو کۆمپانیانه کە یاوەری شاندەکەن، چەندین تێگەیشتن و گرێبەستی کارکردنی هاوبەش ئەنجام بدەن، کە خزمەتێکی بەرچاو بۆ کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بەدیدەهێنێت.