دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پۆلیسی واشنتنی پایتەختی خستەژێر دەسەڵاتی فیدراڵییەوە و لەژێر فەرمانی داواکاری گشتی ئەمریکا دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “پایتەختی وڵات ئەمڕۆ ئازاد بوو، شارەکە بە ئاقارێکدا دەڕۆیشت کە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووبوو، ئیتر رۆژەکانی کوشتن و ئازاردانی خەڵکی بێتاوان کۆتاییدێت. ئەمڕۆ پاسەوانانی نیشتمانی بە شارەکە بڵاودەکەمەوە تاوەکو یاسا و ئاسایش بۆ شارەکە بگەڕێتەوە”.
وتیشی، “شەرمە رێژەی تاوان هێندە بەرزبێت، رێژەکە بەجۆرێکە لە بەغداد، مەکسیک و پێرو بەرزترە، ئەمەش بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی کۆچبەرییەوەیە”.
کۆشکی سپی بەنیازە نزیکەی 800 پاسەوانی نیشتمانی لە واشنتن بڵاوبکاتەوە، تاوەکو پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکانی شارەکە بکەن؛ پاسەوانانی نیشتمانی دەسەڵاتی دەستگیرکردنیان نییە، تەنها وەک پۆلیسی سەربازی هەندێک رۆڵیان لە دەستنیشانکردنی گومانلێکراوان دەبێت و زانیاری بە پۆلیسی ئەو شوێنە دەدەن، تاوەکو گومانلێکراوان دەستگیربکرێن.