پێكهاتەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا: سیستمێکی نا ناوەندی دابمەزرێندرێت

پێكهاتەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا داوای داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراسیی نوێیان کرد و رایانگەیاند دەبێت سیستمێکی نا ناوەندیش دابمەزرێندرێت.

لە کۆتایی کۆنفڕانسەکەیاندا بە ناونیشانی “یەك هەڵوێستی پێكهاتەكانی باكووری سوریا” کە لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوای داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراسیی نوێیان کرد کە گەرەنتیی فرەیی و بەشداریی سیاسی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵات دەستەبەربکات و سیستمێکی نا ناوەندیش دابمەزرێنێت و رێز لە تایبەتمەندییە کەلتووری و جوگرافییەکان بگرێت.

جەختیان لەوە کردەوە، فرەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی و کەلتووری لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، نوێنەرایەتیی سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندییە نەک هەڕەشە، داوای پێداچوونەوەش بە بەیاننامە دەستوورییەکەی دیمەشق دەكەن کە چاوەڕوانیی سورییەکان بۆ ئازادی و شكۆمەندی بەدیناهێنێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، پێکهاتەكان لەژێر دەستی رژێمە ناوەندییەكان، بە تایبەتی لە سەردەمی رژێمی پێشوودا، دەیان ساڵ پەراوێزخران، ئەو کارانەشی دەرهەق بە دانیشتووانی ناوچە کەناراوییەکان و سوەیدا و مەسیحییەکان ئەنجامدەدرێن دەگاتە ئاستی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە هەیە.

لە کۆتاییدا پێکهاتەکان پێزانینی خۆیان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەربڕی و بە هۆکاری سەرەكیی بونیادنانی سوپای نوێی نیشتمانیی سوریا ناویان بردووە، هاوكات پابەندبوونی خۆیان بە دەرئەنجامەکانی رێککەوتنی مەزڵوم عەبدی، سەرۆکی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد دەربڕی، وەک هەنگاوێک بەرەو کۆدەنگیی نیشتمانی.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەمریکا تۆڕێکی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار بە حزبوڵای خستە لیستی سزاکانییەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی سزای بەسەر تۆڕێکی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار بە حزبوڵای لوبنانییەوە ڕاگەیاند. لەڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی چاودێریکردنی سامانی…
Total
0
Share