بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەسەر دۆسیەی كوشتنی خوشكەكەی خۆی، تۆمەتبارێك خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد .
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە و دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی ئاگاداركرایەوە لە بوونی رووداوێكی كوشتن لە گەڕەكی شێخ عەبدولقادری چوێسە لە شاری سلێمانی، دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی سلێمانی گەیشتنە شوێنی رووداوەكە لێكۆڵینەوە دەستیپێكرد.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بە بڕیاری دادوەر هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی و مەفرەزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار، سەرئەنجام تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرد .
لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەرو بەتۆمەتی كوشتنی خوشكەكەی خۆی، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە .