لەسەر پرژەی ئاو دوو بنەماڵە لە هەولێر سێ كەس دەكوژن

قوربانییانی ڕوداوەكەی ئەمڕۆی هەولێر و ئۆتۆمبێلەكەیان

بنەڕەتی ئەو كێشەیەی ئێوارەی ئەمڕۆ دوو گەنجی لەسەر كوژرا دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی ڕابردوو و سەرچاوەكەشی پرژەی ئاوە.

ئەو پرژەی ئاوەی لەكاتی تەڕبوونی شەقامدا لەژێر تایەی ئۆتۆمبێلەوە دەردەچێت هۆكاری شەڕی نێوان دوو بنەماڵەیە لە هەولێر كە تائێستا سێ گەنج-یان بەو هۆیەوە كوژراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی كانونی دووەم لە شارۆچكەی عەنكاوەی هەولێر بەهۆی تەقەكردنەوە دوو برا بە ناوەكانی (بەشدار شێرزاد و ڕۆژگار شێرزاد) كوژران.

دوابەدوای گەیشتنی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی شارەكە بە شوێنی ڕوداوەكە هەرزوو ئاشكراكرا ڕوداوەكە بەهۆی كێشەیەكی كۆن و دوژمنداریی بنەماڵەی قوربانییەكانەوە هەیە لەگەڵ بنەماڵەیەكی دیكە.

ناسنامەی قوربانییەكان

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا بنەڕەتی كێشەكە دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی ڕابردوو، ئەوكاتەی (ت. شێرزاد) برای دوو قوربانییەكەی ئەمڕۆ بە ئۆتۆمبێلەكەی بە یەكێك لە شەقامەكانی كۆڕێ لە هەولێر تێدەپەڕێت، بەهۆی بوونی ئاوەوە پرژی ژێر تایەی ئۆتۆمبێلەكەی بەر كوڕێكی بنەماڵەی (ب.) دەكەوێت و ئەمەش دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێوانیاندا دێنێتە ئاراوە و، شەڕەكەش دەگاتە ئەو ئاستەی (ت. شێرزاد)، كوڕی بنەماڵەكە دەكوژێت.

ڕوداوەكە ڕێڕەوی یاسایی خۆی دەگرێتەبەر و دوای لێكۆڵینەوە دادگا تۆمەتبار بە 20 ساڵ زیندانی سزادەدات.

بەپێی زانیارییەكان بنەماڵەی قوربانییەكە لە تۆڵەی ئەو ڕوداوەدا ئەمڕۆ هەلی سەردانی بەشدار (33 ساڵ) و ڕۆژگار (29 ساڵ) بۆ نەخۆشخانەی ماریەمانە لە عەنكاوەی دەقۆزنەوە و لەكاتی هاتنەدەرەوەیاندا بەر لە گەیشتنیان بە ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەكەیان بەر گولەیان دەدەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ ڕوداوێكی تەقەكردن لە شارۆچكەی عەنكاوە لە هەولێر ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو برا كوژران، دوابەدوای ڕوداوەكەش تۆمەتباران هەڵهاتن و هێزە ئەمنییەكانیش گەیشتنە ناوچەكە و لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد.

 

بابەتی پێشتر

چێڵسی 0-0 وڵڤەرهامپتن

بابەتی دواتر

پەرلەمان هەوڵدەدات شایستە داراییەكانی زیندانییانی سیاسی بگەڕێنێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share