حوكمی شەش مانگ زیندانی دژ بە رۆژنامەنووس ئومێد پەرۆشكی لە لایەن داگای كەتنی دهۆكەوە نوێکرایەوە و بڕیارەکە جێبەجێکرا، سەنتەری میترۆش نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکە رادەگەیەنێت.
سەنتەری میترۆ بۆ ئازادی رۆژنامەوانی بڵاویکردەوە، ئومێد بەرۆشكی لە 23ی كانونی دووەمی 2024 لە رێگای فەیسبووكەكەی خۆیەوە پۆستێكی بڵاوكردۆتەوە لەسەر یەكێك لە زیندانیانی بادینان بە ناوی مەلا نەزیر، لە پۆستەكەی ئومێد دا هاتووە،” مەلا نەزیر لەلایەن هێزێكی زیندانی زركاوە رفێندراوە، بەڵام ئەو لەو زیندانەدا نەماوە و چارەنووسی نادیارە.”
لەسەر ئەو پۆستە بەرپرسانی زیندانەكە ئومێد دەدەنەوە بە دادگا، دوای دوو جار دادگاییكردنی، سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا(لەگەڵ وەستاندنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە)، واتە حوكمەكە جێبەجێنەكرا.
ئاشکراشیکرد، ” ئەوە بڕیارەی كە راگیرابوو ، ئێستا هەڵگیراوە و بۆی جێبەجێكرا و دادگای كەتنی دهۆك بڕیاری بەزیندانیكردنی بۆ شەش مانگ جێبەجێدەكات”.
جەختیشیکردەوە، “نیگەرانین لە تازەكردنەوەی بڕیاری شەش مانگ زیندانی دژ بە رۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی لە لایەن داگای كەتنی دهۆك، داوای پێشووتری دوبارە دەكاتەوە كە دەبوو بە پێی ماددەكانی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەیدا بكرێت”.
ئومێد بەرۆشكی لە 18/8/2020 بە تۆمەتی مەترسیی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دەستگیركرا و و شەش سكاڵای جیاوازی لەسەر بوو، بۆ ماوەی سێ ساڵ حوكمدرا، لە 22/2/2022 ئازاد كرا، بەڵام لە دوای ئازادكردنی جارێك راگیراوە و چەند جارێکی تریش بە ماوەی كورت دەستگیركراوە، دواتر بە بارمتەی دارایی ئازادكراوە.