راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، هەندێک سەرەداویان لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەستکەوتووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی هەرێم گەیشتە هەولێر و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێزی هەرێم هێزی عێراقە و هێزی عێراق هێزی هەرێمە، هەر هێرشێک بکرێتە سەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێم زیان بە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی عێراق دەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم پێکهێنرابوون، هەندێک خاڵیان دەستنیشانکردووە، ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم زانیارییەکانمان ئاڵوگۆڕکرد، ئامانجمان بەدیهێنانی ئەمن و ئاسایشە لە ناوچەکەدا.
ئاشکراشیکرد، هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی کەرکوک و ئەوانەی سەر هەرێم پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و ئێوە چاوەڕێی ئەنجامی راپۆرتی لیژنەکە بکەن.