بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەسەر دۆسیەی کوشتنی کەسێک و بریندارکردنی کەسێکی دیکە، مەفرەزەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کوشتنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە، رایگەیاند، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە لە رووداوی کوشتنی هاوڵاتییەک و بریندارکردنی هاوڵاتییەکی دیکە لە گەڕەکی سەروەریی شاری سلێمانی، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و کەشف و هێڵکاری بۆ شوێنی رووداوەکە ئەنجامدرا و کوژراوەکە رەوانەی پزیشکی دادوەری کرا، بریندارەکەش بەمەبەستی چارەسەرکردن، گەیەندرایە نەخۆشخانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری تایبەتمەند، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە و توانرا تۆمەتباری رووداوەکە بە ناوی (ئـ، ن، م لەدایکبووی 2004) لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کوشتن، دەستگیربکرێت.
دەشڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان تۆمەتبار و هەردوو تاوانلێکراودا، تۆمەتبار بە چەقۆ هێرشدەکاتە سەریان و لە ئەنجامدا یەکێکیان دەکوژێت و هاوڕێکەشی برینداردەکات.
پۆلیسی سلێمانی باسلەوەشدەکات، لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.