ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: دەبێت عێراق بەزووترین کات پارەی مووچە بنێرێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێم هەموو پابەندییەکی خۆی بە تەواوی جێبەجێکردووە و دەبێت عێراق بەزووترین کات پارەی مووچە بنێرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و پاش کۆبوونەوەکە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوە، تایبەتبوو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی دوا رێککەوتن و لێکتێگەیشستنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، کە هەفتەی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەندکراوە و تایبەتە بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی و میکانیزم و رێکاری تایبەت بە هەنگاوەکانی هاتوو لە رێککەوتننامەکە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا”.

ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، “هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی بە تەواوی جێبەجێکردووە. سەبارەت بە بەشی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری بە کاش خستووەتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەک لە رێککەوتنە هاوبەشەکە هاتووە، ئەمە سەرەڕای ناردنی لیستی مووچەی پەسەندکراوی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران و وردبینیکردنی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و بەردەوامیی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم لە وردبینیی وەرزیی داهات و خەرجییەکان، لەم رووەشەوە، هەرێمی کوردستان هەموو داهات و خەرجییەکانی، شەفافانە خستووەتە بەردەمیان”.

ئەوەش هاتووە، “سەبارەت بە نەوتیش، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا و لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە، هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەشی لیژنەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە لە بەردەستخستنی زانیاریی و داتاکان و سەردانی راستەوخۆیان بۆ سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێم، لیژنەی تەکنیکیی هەردوو وەزارەت، لەسەر پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەو بڕە نەوتەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت، چونکە بەهۆی هێرشە درۆنییە تیرۆریستی و ناڕەواکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بەرهەمهێنانی نەوت، بەشێوەیەکی بەرچاو لە کێڵگەکان کەمیکردووە”.

دەشڵێت، “ئەم رێکارانەش پابەندیی هەرێم بە رێكکەوتنەکە پشتڕاستدەکەنەوە، بۆیە دەبێت لە بەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵ پابەندیی خۆیی بە گوێرەی رێککەوتنەکە جێبەجێبکات بە ناردنی دەستبەجێی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە تاوەکو ئێستا نەیانناردووە و مووچەخۆرانی هەرێم، سێ مانگە بێبەشکراون لە شایستەی دارایی خۆیان، کە مافێکی دەستووری و یاسایی خۆیانە و نابێت لەژێر هیچ بيانوويەک، ئەم مافە پێشێلبکرێت، بەتایبەتیش ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە بە زیادەوە، جێبەجێکراوە”.

“ئەنجومەنی وەزیران، بە رێز و پێزانینێکی زۆرەوە، هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆراگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرزدەنرخێنێت کە وێڕای بارودۆخی سەختی دارایی کە بوونە قوربانیی بڕیارێکی ناڕەوا و نادەستووری، بەڵام تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە هەیە کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنراوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەکی بەرزەوە، داکۆکی لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەنجومەنی وەزیران خەڵکی کوردستانیش دڵنیادەکاتەوە کە لەپێناو دابینکردنی مووچە و شایستەکانی خەڵکـ، هیچ کات درێخی ناکات و دەستبەرداری مافەکانی خەڵکی کوردستان نابێت”، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.

داواش لە دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان دەکات، “بەشێوەیەکی راستگۆیانە و بەرپرسانە کاربکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و دوور لە تێکدان و خراپەکاری و چەواشەکاری، ئەرکی خۆیان بەجێبگەیەنن و نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ پشێوی و ئاشووبنانەوە دەکەن و هەمیشە پاساو و بیانوو بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دەهێننەوە کە لە مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکرێت”.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەدا، کە میوانداریی لیژنەیەکی هاوبەش لە (وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریی) و (وەزارەتی دارایی و ئابوری/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەکان) و (وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی) و (وەزارەتی ناوخۆ) کرابوو، لیژنەکە دەقی رێککەوتننامەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان خستەڕوو سەبارەت بە دانانی میکانیزمی هاوئاهەنگی و هاریکاریی نێوان هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵ و هەرێم لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی و دەسەڵاتە دەستوورییەکان، بە جۆرێک لە چوارچێوەی ئەو رێكکەوتننامە هاوبەشە، بڕوانامەکانی پشکنینی کەلوپەل و بەرهەمەکان لەلایەن هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریی کاری پێدەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، رێکارەکانیان یەکدەخەن و دەستەی پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان، لایەنی تایبەتمەند دەبێت بۆ ئەم بابەتە هاوشێوەی دەزگا هاوتاکەی لە حکومەتی فیدراڵ”.

ئەنجومەنی وەزیران دەشڵێت، “لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشیكردن لە لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنامەیە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی ڕێککەوتنامەکەی دا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگرنەبەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم و یاسا بەرکارەکان لە هەرێم وەک ئەوەی لە کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکەدا هاتووە. ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران، رۆڵی گرنگی دەبێت لە ئاسانکاریی و یەکخستنی رێکارەکانی پشکنین بە جۆرێک کۆتایی بەو ئاستەنگانە دێت کە هۆکاری کێشەکانی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی و جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕیی بەرهەم و کەلوپەل و پێداویستییەکان بوون لەنێوان هەردوولا کە ببووە مایەی گلەیی و گازندەی هاوردەکاران و بازرگانان و خاوەن پرۆژە بەرهەمهێنەرەکان لە ناوچەکانی هەرێم و فیدراڵ”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی دیاریكرد بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە

پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی دیاریكرد بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە. كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق…
Total
0
Share