بەبۆنەی جەژنی سێ شەوەی یارانی قەوڵتاس-ـەوە، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی كاكەییەكان كرد.
لە پەیامەكەیدا بافڵ تاڵەبانی، کاکەییەكان بە “پێکھاتەیەکی رەسەن و گرنگی گەلەکەمان” ناوزەد دەكات و دەڵێت، “رۆڵی ئێوە لە مێژووی قوربانیدان و خەباتی گەلەکەماندا لەبیرناکەین و ھەمیشە بە ڕێزەوە لە پێگە و تایبەتمەندیی ئایینەکەتان دەڕوانین.”
هاوسەرۆكی یەكێتی جەختیشدەكاتەوە كە “پاراستنی مافە ئایینی و نەتەوەییەکانی كاكەییەكان” ئەركی لەپێشینەیان دەبێت.
“جەژنی سێ شەوە” جەژنێكی سەرەكیی پەیڕەوكارانی ئایینی یارسان-ـە، دوای سێ ڕۆژ بەڕۆژبوون لەم کاتەی ساڵدا، یار و كاكەییەكان دەیكەن بە جەژن.
دەقی پەیامەكە:-
خوشک و برایانی کاکەیی
بەبۆنەی جەژنی سێ شەوەی یارانی قەوڵتاس پیرۆزباییەکی گەرمتان لێدەکەم، هیوادارم ئەم بۆنە تایبەتە وەک هەمیشە لە کەشێکی خۆش و ئارامدا بەسەرببەن و ببێتە مایەی ئارامی و زیاتر قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.
خوشک و برایانی کاکەیی پێکھاتەیەکی رەسەن و گرنگی گەلەکەمانن، رۆڵی ئێوە لە مێژووی قوربانیدان و خەباتی گەلەکەماندا لەبیرناکەین و ھەمیشە بەڕێزەوە لە پێگە و تایبەتمەندی ئایینەکەتان دەڕوانین.
لەم بۆنەیەدا وەک سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە پاراستنی ئەو پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردنە دەکەینەوە کە هەرێمەکەمانی پێدەناسرێتەوە، ئەرکی لەپێشینەشمان پاراستنی مافە ئایینی و نەتەوەییەکانتان دەبێت.
جەژنتان پیرۆز و هەر لە کامەرانیدابن.
بافڵ تاڵەبانی
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان