مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە.
مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا نووسیویەتی، “دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار لەسەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی نواند و پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێکرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیش، رەزامەندیی لەسەر لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ دا. پێشوازیی لەو هەنگاوە دەکەین و چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون.
دەشڵێت، “هیوادارم مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی رەوای خەڵکی کوردستانە، چیتر تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە رێزگرتن لە رێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەربکەین. هەروەها دەبێت کۆتاییش بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان. هیوادارین حکومەتی فیدراڵ، هاوکار بێت لە دۆزینەوری ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە دژیان”.