بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت، رێوڕەسمی ئەمساڵی عاشورا، بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئارامترین و رێکخراوترین رێوڕەسمە.
میقداد میری، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، تائێستا هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنیی بەرچاومان تۆمارنەکردووە لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی عاشورادا و، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، عاشورای ئەمساڵ چ لە رووی ئەمنی و چ لە رووی رێکارەکانی خزمەتگوزارییەوە، ئارامترینە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پلانە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ و بە بەشداریی چالاکانەی مەیدانیی فەرماندە و کارمەندانی وەزارەتەکە.
عاشورا بە دەیەمین رۆژی مانگی موحەڕەم دەوترێت؛ لای موسڵمانانی شیعە مەزهەب، بە رۆژێکی پیرۆز دادەنرێت و تێیدا ماتەم دەگێڕن، بەهۆی ئەوەی پێیانوایە لەم رۆژەدا ئیمامی حوسێن کوڕی ئیمامی عەلی (ئیمامی سێیەمی شیعەکان)، بە فەرمانی یەزیدی کوڕی معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان، لە دوای شەڕێکی خوێناوی لە کەربەلا کوژراوە؛ هەربۆیە ساڵانە رێوشوێن و بۆنەی تایبەتی لای شیعە مەزهەبەکان بۆ دابیندەکرێت.