وەزارەتی کشتوکاڵ: گەنمی ماوەی جووتیارانی ناوخۆی هەرێم وەردەگیرێت

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم رایدەگەیەنێت، گەنمی ماوەی جووتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیدا لەسەر کۆنووسی پێشنیارکراوی لێژنەی بالای تایبەت بە ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران بەپێی ئەو بڕە گەنمەی کە ماوە لە کوردستان، بەمەرجێک بەپێی (مواسەفات)ـی عێراقی بێت”.

دەشڵێت، “بۆ هەر تۆنێکی گەنمی پلە یەک، نرخەکەی 550 هەزار دینارە و بۆ گەنمی پلە دوو، بۆ هەر تۆنێک بڕی 525 هەزار دینار دیاریکراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویسته جووتیار پشتگیریی بنکەی کشتوکاڵی و بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکان پێبێت و بڕی گەنمی وەرنەگیراویش تۆمارکرابێت، هەروەها پرۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە لە ماوەی (یەک مانگ)دەبێت، لە رێکەوتی 15ـی 7ـی 2025 دەستپێدەکات و شایستە داراییەکانی جووتیاران، لە ماوەی (دوو مانگ) دەبێت لە رێکەوتی وەرگرتنی گەنمەکە.

وەزارەتی کشتوکاڵ باسلەوەشدەکات، ئەم پرۆسەیە لەلایەن پرۆژەی نیشتمانیی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە سایلۆکانی (خۆشناو و قەیوان) جێبەجێدەکرێت، بە چاودێری و هەماهەنگیی لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی ناوخۆی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، وەک پاڵپشتییەک بۆ ساغکردنەوەی ئەو بڕە گەنمەی جووتیاران لە دوای پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی عێراق دیاریکرابوو، کە بەشی هەرێمی کوردستانیش لەو پرۆسەیە، تەنها 400 هەزار تۆن بوو”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share