میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکیی ئاگادارەوە بڵاویانکردەوە، حاڵەتێکی دیکەی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونەوە، لە پارێزگای نەجەف تۆمارکرا.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، نەخۆشەکە ژنێکی تەمەن 60 ساڵ بووە، کە لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی تووشبوونی بە تای خوێنبەربوون، رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و لەوێ چارەسەری وەرگرتووە.
ئاماژە بەوەشدەکات، بەهۆی لاوازیی بەرگریی جەستەیی نەخۆشەکە، لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە.
تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؛ بەپێی راپۆرتێکى رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، %40ـی ئەو كەسانەی تووشی دەبن، گیانلەدەستدەدەن.
ئەو نیشانانەی کە رەنگە ببنە مەترسی لەسەر ژیان بریتین لە (خوێنبەربوون لە ژێر پێست، لە ئەندامەکانی ناوەوەی لەش، یان لە دەم و چاو و گوێ، هەروەها تێکچوونی کارکردنی کۆئەندامی دەمار، کۆما، هێڵنج، لەکارکەوتنی گورچیلە یان جگەر، کێشەی هەناسەدان).