کەناڵی سی ئێن ئێن: ترەمپ بیر لە قەرەبووکردنەوەی وێستگەی فۆردۆی ئێران دەکاتەوە

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، سەرۆکی ئەمریکا بیر لە قەرەبووکردنەوەی ئێران دەکاتەوە بۆ وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ بە بڕی 30 ملیار دۆلار.

کەناڵەکە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئەمریکا بیر لە گۆڕینی وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆی ئێران دەکاتەوە بۆ بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی، کە لە لایەن هاوپەیمانە عەرەبییەکانی واشنتن لە کەنداو، پارەی بۆ دابینبکرێت.

دەشڵێت، کۆشکی سپی دەیەوێت، وڵاتانی کەنداوی هاوپەیمانی ئەمریکا، بە بڕی 30 ملیار دۆلار هاوکاریی ئێران بکەن لە گۆڕینی وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ، بۆ بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی، کە تێیدا رێگە بە پیتاندنی یۆرانیۆم نادرێت و تەنها بۆ مەبەستی مەدەنی بەکاردێت.

سی ئێن ئێن ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەمریکا لە بەرامبەر ئەمەدا، هەندێک سزای سەر ئێران هەڵدەگرێت و رێگەشی پێدەدات، دەستی بگات بە شەش ملیار دۆلار، لە هەژمارە بانکییە بیانییەکان.

لە 13ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئیسرائیل و ئێران چوونە ناو جەنگێکی 12 رۆژەوە؛ ئامانجی ئیسرائیل هێرشکردنەسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو و تارانیش، وەڵامی ئەو هێرشانەی دەدایەوە.

لە کۆتا رۆژەکانی تەمەنی جەنگەکەدا، ئەمریکا بە بۆردومانکردنی سێ شوێنی ئەتۆمیی ئێران؛ لەناویاندا وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ، هاتە ناو رووبەڕووبوونەوەکەوە، تارانیش وەک تۆڵەی هێرشەکەی ئەمریکا، بنکەی ئەلعودەیدی ئەمریکای لە قەتەر کردە ئامانج؛ رۆژی دواتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رەسمی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلی راگەیاند.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share