لیژنەی ئەمنیی سلێمانی داوایەک لە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات.
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، پشتیوانی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ ماف و داواڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتی دەردەبڕین و، باری دژواری ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە لەبەرچاودەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا بەهەموو لایەکی رایدەگەیەنین کە دەنگی مووچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتووەتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت گونجاو نابێت.
دەشڵیت، وەک چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوادەکەین خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانییانە و دوور لەهەر ئەگەرێکی توندوتیژی و رووداوی نەخوازراو.