دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، سوپاسی ئێران دەکەم کە پێشتر لە هێرشەکەیان ئاگاداری کردینەوە و بەهۆیەوە هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتەوە.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی Truth Socialـی خۆی دەڵێت، “ئێران بە رەسمی وەڵامی سڕینەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان دایەوە بە وەڵامێکی زۆر لاواز، کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد و زۆر کاریگەرانە بەرپەرچمان دایەوە”.
دەشڵێت، “14 مووشەک تەقێنراون، 13 مووشەک خراونەتە خوارەوە و یەک مووشەک ئازاد بووە، چونکە بەرەو ئاراستەیەکی دیکەی دوورەدەست دەڕۆیشت. خۆشحاڵم کە رایدەگەیەنم، هیچ ئەمریکییەک زیانی پێنەگەیشتووە”.
ترەمپ ئاماژە بەوەشدەکات، “دەمەوێت سوپاسی ئێران بکەم کە ئاگاداریی پێشوەختەی پێداین، ئەمەش وایکرد هیچ کەسێک گیان لەدەستنەدات و کەسیش بریندار نەبێت”.
باسلەوەشدەکات، “رەنگە ئێستا ئێران بتوانێت بەرەو ئاشتی و هاوسەنگی لە ناوچەکەدا هەنگاوبنێت، منیش بە جۆش و خرۆشەوە هانی ئیسرائیل دەدەم بۆ ئەوەی هەمان کار بکات”.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی دیکەدا نووسیوویەتی، “من دەمەوێت سوپاسی ئەمیری قەتەر بکەم بۆ هەموو ئەو کارانەی کە کردوویەتی لە گەڕان بەدوای ئاشتی بۆ ناوچەکە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکە لە قەتەر، بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم، جگە لەوەی هیچ ئەمریکییەک نەکوژراوە یان بریندارنەبووە، ئەوەش زۆر گرنگە کە هیچ هاوڵاتییەکی قەتەریش، نەکوژراوە و برینداریش نەبووە”.