وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە هەماهەنگی لەگەڵ تەلئەبیب بووە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئێفی دێفرین، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەم هەماهەنگییەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەم دواییانەدا چڕتر بووەتەوە، بەتایبەت لەگەڵ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی ئێران.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئێران 20 مووشەکی هاویشتووە و زۆربەیان رێگرییان لێکراوە.
وتیشی، “ئێمە ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەک لە چەند رۆژی داهاتوودا و لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆداین لەگەڵ ئێران”.
لە درێژەی قسەکانیدا، دێفرین رایگەیاند، “ئێمە بەپێی پلانێکی پێشوەختە کاردەکەین، ئامانجیشمان هەیە بۆ بەدیهێنانی. بەپێی هەموو پێشهاتەکان خۆمان بۆ شەڕ ئامادە دەکەین و بەردەوامدەبین لە کارکردن تا دەگەین بەو ئامانجانە. هێرشەکانیشمان بۆ سەر سیستمی مووشەکیی ئێران چڕتردەکەینەوە”.