وەزیری دەرەوەی ئێران: رووداوەکانی ئەم بەیانییە لێکەوتەی قورسی دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، ئەمریکا پێشێلکاریی ئەنجامداوە و هێرشەکانی ئەم بەیانییەشی، لێکەوتەی قورسیان دەبێت.

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، “ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، پێشێلکارییەکی جددیی لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، ئەنجامداوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “رووداوەکانی ئەم بەیانییە ترسناکن و لێکەوتەی قورسیان دەبێت، پێویستە هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەران بن لەم رەفتارە تاوانکاری، بێ یاسا و لەڕادەبەدەر مەترسیدارەی ئەمریکا”.

عەراقچی جەختیشیکردەوە، “بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێگە بە هەر وەڵاتێک دەدرێت وەڵامدانەوەی رەوای هەبێت و بەرگری لەخۆی بکات، ئێرانیش هەموو بژاردەیەک تەرخان دەکات بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خۆی، دوای هێرشەکانی ئەمریکا”.

وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت، هێرشەکانی ئەمریکا “کاردانەوەی درێژخایەنیان” دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share