بەرپرسێکی باڵای ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەی نەهێشتنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم رەتدەکاتەوە، بەتایبەتی بۆ ئێستا کە لەژێر هێرشی ئیسرائیلدایە.
ئەو بەرپرسە باڵایە کە ناوی ئاشکرانەکراوە، بە ئاژانسی رۆیتەرز-ی راگەیاند، تاران ئامادەیە دانوستان لەسەر سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات، بەڵام ناتوانێت کۆتایی بە پیتاندن بهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لەئێستادا رۆڵ و بۆچوونی وڵاتانی ئەوروپا لەلایەن ئێرانەوە لەبەرچاودەگیرێت، چونکە تاران ئامادەنییە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیلدا، هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت”.
وتیشی، تاران دەبێت سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، گوێ لە دەستپێشخەریی ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی ئەمڕۆ لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبنەوە (بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا)، بگرێت.