چی ڕودەدات ئەگەر ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بمرێت؟

ماوەی تەنها مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئیتر کاتی ئەوە هاتبوو کە هەردوو کاندیدەکەی کۆماری و دیموکراتەکان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕاکێشانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرفەتی بە کاندیدی کۆمارییەکان نەدا درێژە بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بدات و ڕایکێشایە ناو نەخۆشخانە.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 3ی تشرینی یەکەم دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەربازی لە واشنتن، گواستنەوەی ترەمپ بۆ نەخۆشخانە بە مانای ئەوە دێت کە سەرپەرشتیاری تیمی هەڵبژاردنی کاندیدی کۆمارییەکان لەکارەکەی دەوەستێت کە ئەمەش بە مانای وەستانی تەواوی هەڵمەتی هەڵبژاردنی کۆمارییەکانە.

دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، بەتەمەنترین کاندیدی سەرۆکایەتین لە مێژووی ئەمریکادا و بەپێی دەستوری ئەمریکا، لە ئەگەری مردن و گیانلەدەستدانی هەر کام لە کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ڕێگاچارە بۆ جێگرەوەی ئەو دوو کاندیدە دیاریکراوە و وڵات تووشی هیچ کێشەیەکی یاسایی و ئاڵۆزی نابێتەوە.

بەپێی دەستووری ئەمریکا، ئەگەر دوای هەڵبژاردنی بەرایی یەکێک لە کاندیدانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بمرێت، ئەوا کەسێکی دیکە لە جێگەیان دیاری دەکرێت کە بە زۆری جێگرەکانیان دەبێت.

ئەی ئەگەر چەند رۆژێکی کەم پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ترەمپ یان بایدن بمرێت چی روودەدات؟

ئەگەر چەند رۆژێکی کەم پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە تەنیا یەک مانگی ماوە، یەکێک لە کاندیدەکان بمرێت ئەوا جێگرەکەی دەبێتە کاندیدی سەرەکی، هەرچەندە پرۆسەی چاپکردنی کارتی دەنگدان و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دروست دەکات و قورسە لە ماوەیەکی کەمدا ئامادەکارییەکان جێبەجێ بکرێن.

لە حاڵەتێکدا ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بە قورسیش نەخۆش بکەوێت دیسانەوە کۆمارییەکان لە ڕێگەی کۆمیتەی نیشتمانی RNC ی حزبەکەیانەوە دەبێت کاندیدێک بۆ جێگرەوەی ترەمپ دابنێن.

کێشە چییە ئەگەر کاندیدی سەرەکی کۆمارییەکان ترەمپ نەبێت و کەسێکی دیکە بێت؟

ڕەنگە وەک کەس هیچ کێشەیەک بۆ بەڕێوبردنی هەڵبژاردنەکان درووست نەبێت، بەڵام لەسەر گۆڕینی پۆستەری هەڵبژاردن و ئامادەکاریی ناوێکی دیکە لە سیستمی هەڵبژاردندا پشێوی بۆ ئەمریکا درووستبکات.

پشێوییەکی دیکە کە چاوەڕوانی ئەمریکا دەکات دوای ئەگەری مردنی ترەمپ ئەوەیە کە ئەگەر کۆمارییەکان نەیانتوانی لەماوەی دیاریکراودا کاندیدی خۆیان لە کۆمیتەی نیشتمانی یەکلایی بکەنەوە ئەوا دەبێت هەڵبژاردن دوابخرێت، لەگەری دواخستنی هەڵبژاردنیشدا پێویستە دەستکاری دەستوور بکرێت ئەگەریش دەستکاری دەستور بکرێت ئەوا دەبێت بە هەڵبژاردن خەڵکی ئەمریکا دەنگی لەسەر بدەن، کە ئەمە هەڵبژاردنەکە دەکاتە دوو هەڵبژاردن و بارەکە قورستر دەکات.

بابەتی پێشتر

کونسوڵخانەی ئەمریکا: مام جەلال لە سەختترین کاتەکاندا بە داناییەوە سەرۆکایەتیی عێراقی کرد

بابەتی دواتر

پەرلەمانی كوردستان لەسەر داوای سەرۆكی حكومەت كۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share