حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، “ژوورێكی هەماهەنگی لە دامەزراوەكانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێكهاتووە بۆ ئاسانكاری رێكارەكانی گەڕانەوەی هاوڵاتییان بۆ هەرێمی كوردستان كە لە فڕۆكەخانەكانی دەوروبەر و بەهۆی دۆخی ناوچەكە و ئاسمانی عێراق داخراوە ماونەتەوە كە لەمبارەیەوە ژووری هەماهەنگی ئەم خاڵانەی خوارەوە وەكو ئاگاداری بە هاوڵاتییان دەدات:
یەكەم: لە هەر فڕۆكەخانەیەكی وڵاتانی ناوچەكە وەستاون و داوای هاوكاری دەكەن دەتوانن پەیوەندی بە یەكێك لەم دوو ژمارە تەلەفونە (لە رێی وەتس ئەپ) بكەن كە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆ ئامادەیكردوون و زانیارییەكانتان رەوانەبكەن:
+9647508035680
+9647508035681
دووەم: فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كوردستان بە هاوكاریی دامەزراوەكانی حكومەتی توركیا رەزامەندی وەرگرتووە كە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە پاسپۆرتی عێراقی لە هەر فڕۆكەخانەیەكی ناوچەكە بن بتوانن بەبێ فیزەی پێشوەختە بەهێلی ئاسمانی توركش ئێرلاینس یان هەر هێلێكی دیكە بگەڕێنەوە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیستانبوڵ یاخود سەبیحە و لەگەڵ گەیشتن فیزەی ترانزێتی پێنج رۆژ وەردەگرن، لەوێشەوە دەتوانن بە زەمینی یان بە هێڵی ناوخۆیی توركیا گەشت بكەن بۆ یەكێك لە فڕۆكەخانەكانی نزیك لە سنووری هەرێمی كوردستان و لەوێشەوە بە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بگەڕێنەوە كوردستان.
سێیەم: ئەو هاوڵاتییانەی لە وڵاتانی ئەوروپا لە فڕۆكەخانەكان ماونەتەوە و بە پاسپۆرتی عێراقی (فیزەی شینگن)یان هەیە، دەتوانن بە ئۆنلاین فیزەی توركی وەربگرن یان بێ فیزە بگەڕێنەوە و لە فڕۆكەخانەكانی توركیا وەكو لە خاڵی دووەم هاتووە فیزە وەربگرن.
چوارەم: لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران تیمەكانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەكاری پێویستیان كردووە بۆ بە خێرایی راپەڕاندنی ئەركی هاونیشتیمانیانمان كە لە ئێران یاخود لە توركیا بە رێگای زەمینی دەگەڕێنەوە وڵات.