توێژەرانی بەریتانی گەیشتنە ڕێگایەكی نوێ كە پشت بە توانای گەشتی فڕۆكە دەبەستێت لەنێو ئاراستەی با-دا كە بە “سواربوونی شەپۆلەكانی با” ناودەبرێت.
توێژەرانی بەشی بیركاری و زانستی بەرگەهەوا لە زانكۆی ریدنج-ی بەریتانی لە توێژینەوەكەیاندا ئاشكرایكرد، دەكرێت “سەرلەنوێ گەشتە ئاسمانییەكان بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا ئاراستەبكرێتەوە، لەڕێی بەستنەوەیان بە ئاراستەی با، ئەمەش بۆ بەباشترین شێوە سودوەرگرتن لە با-ی گونجاو هاوكات لەگەڵ بەرزی ڕێڕەوی فڕۆكە، بۆ گلدانەوە و كەم بەكارهێنانی وزە و كات و، كەمكردنەوەی دەردراوە زیانبەخشەكان”.
بەپێی سایتی (SciTechDaily) توێژەران دەڵێن، مانگە دەستكردە نوێیەكان بەمنزیكانە ڕێگەی شوێنكەوتنی وردی گەشتە ئاسمانییەكان بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا دەدەن، ئەمەش سودلێوەردەگرن بۆ تەواوكردنی ئەنجامی كارەكەیان.
دەشڵێت، ئەم ڕێگایە بە باشترین ڕێگای گەشتە ئاسمانییەكان دادەنرێت، لەگەڵ چاودێری با بە وردی كە گونجاوە لەگەڵ ئاراستەی فڕۆكە و، دوركەوتنەوە لە با-ی پێچەوانە كە بە پێچەوانەی ئاراستەی فڕۆكەكەیە، ئەمەش دەبێتە پێشكەوتن لە كەرتی فڕۆكەوانیدا و ڕێگایەكی كەم تێچووتر و، خێراترە لە كەمكردنەوەی دەردراوە زیانبەخشەكان لەڕێی تەكنەلۆجیای پێشكەوتووەوە.
پڕۆفیسۆر پۆل ویلیامز، زانای بەرگەهەوا و بەشدار لە توێژینەوەكە وتی، گەیشتن بە فڕۆكەی زیاتر بەتوانا یان گۆڕینی بۆ وزەی زیندەیی یان پاتری، دەتوانێت بەشێوەیەكی بەرچاو دەردراوەكان كەمبكاتەوە، بەڵام پڕتێچووە و جێبەجێكردنی چەند دەیەیەك دەخایەنێت.
ویلیامز وتیشی، “گۆڕانكاری ئاسان لە ڕێڕەوی فڕۆكە بۆ سواربوونی با، سودی خێرا و كەم تێچووی هەیە، لەسایەی پێویستییە بنەڕەتییەكان بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی لە ئایندەدا لەسەر گۆڕانی ئاووهەوا”.
توێژینەوە نوێیەكە شیكردنەوەی بۆ نزیكەی 35000 گەشتی ئاسمانی كردووە، لە هەردوو ئاراستەی نێوان نیویۆرك و لەندەن لەماوەی نێوان 1ی كانونی یەكەمی 2009 تا 29ی شوباتی 2020.
تیمی توێژینەوە بەراوردی ئەو سوتەمەنییەی كردووە كە لەم گەشتانەدا بەكارهێنراوە لەگەڵ خێراترین ڕێگای گونجاو جوڵەی با و، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ناوەندی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی سوتەمەنی بۆ هەر گەشتێك 1.7% بووە لەكاتی گەشتكردن بەرەو نیویۆرك لە ڕۆژئاوا و، 2.5% بووە لەكاتی گەشتكردن بەرەو لەندەن لە ڕۆژهەڵات.
توێژەران دەڵێن، وەرگرتنی باشترین تایبەتمەندی با دەبێتە هۆی دەستكەوتنی نزیكەی 200 كیلۆمەتر لە وزە، هەروەك دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دەردراوەكانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بە بڕی ناوەندی نزیكەی 6.7 ملیۆن كیلۆگرام، بۆ گەشتە ئاسمانییەكان لە زستاندا.
پوختەی توێژینەوەكە دەڵێت، گەشتە بازرگانییەكانی نێوان نیویۆرك و لەندەن لە زستانی ڕابردوودا دەتوانرا سوتەمەنییەكی كەمتری تیادا بەكاربهێنرێت بە ڕێژەیەك كە دەگاتە 16%، ئەگەر جوڵەی خێرای با بەشێوەیەكی باشتر بەكاربهێنرایە.
لەئێستادا گەشتی ئاسمانی بەرپرسە لە نزیكەی 2.4%ی كۆی دەردراوەكانی كاربۆن كە مرۆڤ هۆكارەكەیەتی، ئەم ژمارەیەش لە بەرزبوونەوەدایە.