ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لەبەر چەند هۆكارێكی یاسایی و دەستووری، بە دووری دەزانێت هەڵبژاردنی پێشوخەتە ئەنجامبدرێت.
حسێن عیقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، “دوو ئاڕاستە هەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەوانیش بریتین لە هەڵبژاردنی ئاسایی یاخود پێشوەختە.”
وتیشی، “تا پەرلەمان بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی خۆی هەڵنەوەشێنێتەوە، ناكرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، چونكە جگە لە مادەی 64ی دەستوور كە باس لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە زۆرینەی ڕەها دەكات، هیچ دەقێكی دەستووری و یاسایی نییە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە.”
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، حاڵەتێكی تری ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەوەیە “بەر لە تەواوبوونی ماوەی خوولی پەرلەمانی بە 45 ڕۆژ، هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بۆیە جگە لەو دوو حاڵەتە، هیچ شێوازێكی تری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە.”
ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە قسەكانیدا بۆ “ئێستا” بەرئەنجامی ئەو دوو شیكارییە وتی، “بەر لە كۆتاییهاتنی خوولی پەرلەمان بە زیاتر لە دوو مانگ، ناكرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، چونكە تا ئێستا پەرلەمان هەڵنەوەشاوەتەوە و هیچ ڕێككەوتنێكیش لە ئارادانییە بۆ ئەوەی زۆرینەی ئەندامان یەكبگرن و پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە.”