زانایان توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا و نیشانیدا کە خەیاڵى بەهێز دەتوانێت مێشک فریو بدات، کە وایلێدەکات وێناى یادگەى وەک راستەقینە دروستبکات.
توێژەرانى کۆلێجى زانکۆیی لە لەندەن ئەو ناوچانەیان لە مێشکدا ئاشکراکرد کە یارمەتى مرۆڤ دەدات بۆ دیاریکردنى ئەوەى ئەو وێنەیەى دەیبینێت لە جیهانى دەرەکییەوەیە یان تەنها بەرهەمى خەیاڵە. ئەنجامەکان لە گۆڤارى “Neuron”ى زانستى بڵاوکرایەوە.
لە توێژینەوەیەکى نوێدا تاقیکردنەوەیەک ئەنجامدرا تیایدا 26 خۆبەخش لە یەک کاتدا نەخشەیەک کە بە ئاستەم لەسەر شاشە دەبینرا پێ نیشاندرا و، لەهەمان کاتدا هەوڵیاندا وێناى ئەو نەخشەیە لە “یادگە”یاندا بکەن.
داوا لە بەشداربووان کرا دیاریبکەن کە ئایا نەخشەکە بوونى هەیە و، هەڵسەنگاندن بۆ روونى وێناى یادگەیان سەبارەت بە نەخشەکە بکەن، واتە ئەو خاڵەى وێناکە دەگاتە ئەوەندە روونى کە وایلێدەکات “زۆر راستەقینە” دەربکەوێت و ئەستەم بێت جیاکردنەوەى لە واقیع.
لەو تاقیکردنەوانەش کە نەخشە لەسەر شاشەکە نیشان نەدرا، بەڵام وێنا خەیاڵبۆکراوەکە “زۆر روون بوو” بۆ بەشداربووان، هەڵەى زۆریان کرد لە بانگەشەى بینینى نەخشەى راستەقینە.
لەگەڵ ئەوەش تۆمارى چالاکیی مێشک کرا بە بەکارهێنانى وێنەى لەرەلەرى موگناتیسى (MRI) و، شیکردنەوەى تۆمارەکان ئاشکرایکرد کە رۆڵى سەرەکى لە جیاکردنەوەى نێوان “واقیعى” و “خەیاڵى” دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەیەک لە مێشکدا کە پێیدەوترێت “fusiform gyrus”.
ئەم ئەنجامانە گرنگن بەتایبەت بۆ تێگەیشتن لە نەخۆشییە دەروونییەکان، چونکە لە دۆخى نەخۆشیی شیزۆفرینا “انفصام الشخصية”، زۆرجار نەخۆش ناتوانێت جیاوازى لەنێوان خەیاڵ و واقیعدا بکات.
بەهەمان شێوە توێژینەوەکە کاریگەریی تەکنیکى واقیعى مەجازى “VR” لەسەر درکپێکردن رووندەکاتەوە، چونکە بینینى هەمان ناوەرۆکى “خەیاڵى” لەڕێى هاوێنەکانى “VR” ئەو جێگایانەى مێشک چالاک دەکات کە لەکاتى درککردن بە جیهانى راستەقینە چالاک دەبێت.