راوێژکارى سەرۆک وەزیران: بەهاى سامانە سروشتییەکانى عێراق زیاتر لە 16 ترلیۆن دۆلارە

راوێژکارى دارایى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق هەنگاو بۆ جۆراوجۆرکردنى سەرچاوەکانى بەرهەمى ناوخۆیى دەنێت لەڕێى فراوانکردنى وەبەرهێنان لە کانزاسازى و کەرتى کانگاکان کە بەهاکەى زیاتر لە 16 ترلیۆن دۆلار.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکارى دارایى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، عێراق هەنگاودەنێت بۆ فرەچەشنکردنى سەرچاوەکان لەڕێى فراوانکردنى وەبەرهێنان لە کەرتى کانگاکاندا، ئەو کەرتەى چەندین دەیەیە بە پەراوێزخراوى هێڵدراوەتەوە، حکومەت یاداشتى لێکتێگەیشتنى لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان واژووکردووە لە بوارى دۆزینەوە و وەبەرهێنانى کانزاکان، بە تایبەت لە کێڵگەکانى فۆسفات، گۆگرد، لیسیۆم و مس.

وتیشى، “وەبەرهێنان لە بوارى کانزادا دەبێتەهۆى بەدەستهێنانى ملیاران دۆلار لە کێڵگە ئامادەکان بۆ پەرەپێدان وەک گۆگرد، فۆسفات، لیسیۆم و ئەودواى کانزاکاندا”.

عێراق یەکەمە لەسەر ئاستى جیهان لەڕووى چڕیی سامانە سروشتییەکان لە یەک کیلۆمەتر چوارگۆشەدا، نۆیەمیشە لە جیهاندا لە بەهاى سامانى سروشتیی جۆراوجۆر بە بەهاى خەمڵێندراوى زیاتر لە 16 تریلیۆن دۆلارى ئەمریکى، بەپێى هەڵسەنگاندنە جیهانییە بڵاوکراوەکان، مەزهەر محەمەد واى وت.

روونیشیکردەوە، یەدەگە جۆراوجۆرەکانى سامانى ژێر خاک، ئەمبارێکى جۆراوجۆرى کانزاکان لەخۆدەگرێت، لە پێشیانەوە فۆسفات کە یەدەگەکەى بە زیاتر لە 10 ملیار تۆن دادەنرێت، عێراق بە دووەم لەسەر ئاستى جیهان لە یەدەگى ئەو کانزایەدا دادەنرێت و زۆرترین بڕى لە ناوچەى عەکاشات-ى پارێزگارى ئەنبارە، دووەم گۆگردە کە وڵات خاوەن بڕێکى زۆرە لە ناوچەى مشراق-ى پارێزگاى نەینەوا و بە گەورەترین کێڵگەى گۆگرد لە جیهاندا دادەنرێت، سێیەمیش سیلیکا-یە لە ناوچەى نەجەف و رۆژئاواى عێراق کە لە پیشەسازیی شوشە و ئەلیکترۆنى و گەیاندن بەکاردێت، کە گرنگترین و پوختەترین ئەمبارە لە جیهاندا بەپێى هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان.

باسى لەوەشکرد، بەهەمان شێوە ئاسن، مەنگەنیز، مس و زێڕ، کە لە ناوچە جیاوازەکانى عێراقدا هەن، بەتایبەت لە هەرێمى کوردستان و سنوورى رۆژئاوا و ناوەڕاست، جگە لە باشوورى عێراق کە خاوەن ئەمبارێکى گەورەى سامانە سروشتییە دەگمەنەکانە.

راوێژکارەکەى سەرۆک وەزیران ئاماژەى بەوەشدا، کەرتەکە هەلێکى ئومێدبەخشە بۆ عێراق، نەک تەنها بۆ زیادبوونى سەرچاوەى دارایى گشتى، بەڵکو بۆ سەرلەنوێ هاوسەنگکردنى پێکهاتەى ئابوریی عێراق و پەرەپێدان لە ناوچە دەوڵەمەند بە سامانە سروشتییەکان و وەبەرهێنان لە ژێرخانى ئابورى.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share