دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە.
دارا سێکانیانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “کۆبوونەوەکەمان کاتژمێر و نیوێکی خایاند و باسمان لە پرسی مووچە و پەیوەندیی هەرێم و بەغداد کرد، لەگەڵ گرفت و رێگەچارەکان”.
وتیشی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دڵنیایی ئەوەی دا کە حکومەت پابەندە بە چارەسەرکردنی گرفتەکان لە چوارچێوەی یاسادا.
هاوکات بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیش لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی چارەسەری ریشەیی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، سەبارەت بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، کراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تاوتوێدەکات و ئەگەری بڕیاردان لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی پێنج، ئەگەرێکی کراوەیە.