بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەسەر پرسی کۆچبەران، حکومەتی هۆڵەندا هەڵوەشایەوە و بڕیارە سەرۆک وەزیران، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە پاشا بکات.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بلومبێرگ، ئەمڕۆ سێشەممە، بەهۆی رێکنەکەوتنی چوار هاوپەیمانە دەسەڵاتدارەکەی هۆڵەندا لەبارەی سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەران، حکومەتی وڵاتەکە هەڵوەشایەوە.
خیرت ویڵدەرز، سەرۆکی پارتی ئازادیی هۆڵەندا، کە بە راستڕەوی توندڕەو و دژەکۆچبەر ناسراوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوەکرد، پارتەکەی لە هاوپەیمانیی حکومەت دەکشێتەوە، کە پێکەوە لەگەڵ سێ پارتی دیکە پێکیانهێنابوو.
بەپێی هەواڵەکەی بلومبێرگ، ئەو سێ پارتەی دیکەی ناو هاوپەیمانێتییەکە، رەتیانکردووەتەوە داواکارییەکانی ویڵدەرز بۆ توندکردنی سیاسەتی کۆچبەران جێبەجێبکەن، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی کشانەوەی بووە لە کابینەی حکومەت.
جێی ئاماژە بۆکردنە، ئەم کابینەیەی حکومەتی هۆڵەندا بە سەرکردایەتیی دیک سخۆف، پێی نەنابووە ساڵێک و تەمەنی تەنیا یازدە مانگ بوو.