كۆسرەت رەسوڵ عەلی ئەم وێنەی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاوكردووەتەوە دەڵێت، “ئاواتەخوازم یادی دامەزراندنی یەكێتی ببێتە هەوێنی گەیشتن بە ئاواتە بەدینەهاتووەكانمان”.
دەقی پەیامەكە:
پەیامی كۆسرەت رەسول عەلی بۆ یۆبیلی زێڕینی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
پەنجایەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان، زیندانیانی سیاسی و سەرجەم تێكۆشەران، ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆز دەكەم و ئاواتەخوازم ئەم یادە ببێتە هەوێنی سەركەوتنی زیاتر و گەیشتن بە ئاواتە وەدینەهاتووەكانمان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە 50 ساڵی خەبات و قوربانیدان، بە خوێنی هەزاران شەهید، خەبات و تێكۆشانی سەدان پێشمەرگەی قارەمان و سەركردەی كۆڵنەدەر، شۆڕشی نوێی هەڵگیرساندەوە و لە شاخە سەربەرزەكانەوە خەباتی كردو دواجار راپەڕینی گەلی كوردستان و ئازادكردنی خاكی پیرۆزی كوردستان و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەری رەنج و خەبات و تێكۆشانی یەكێتی بوو.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوەنی دونیایەك سەروەری و مێژوویەكی گەش و رابردوویەكی پڕ لە مێژوو و شانازییە، پاراستن و پەرەپێدانی ئەو مێژووە و رێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی تێكۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان ئەركی هەمووانە و دەبێت بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ بكەین و بەرێزەوە لەمێژووەكەیان بڕوانرێت.
دووبارە پیرۆزبایی خۆمتان ئاراستە دەكەم و ئاواتەخوازم ساڵانی داهاتووی خەبات، خەباتكردن بێت لەپێناو ئاواتە وەدینەهاتووەكانی گەلەكەمان و خزمەتكردنی هاونیشتمانیانی خۆمان.
كۆسرەت رەسول عەلی