وەزارەتى تەندروستى: حاڵەتێکى دیکەى تووشبوون بە تاى خوێنبەربوون تۆمارکرا

وەزارەتى تەندروستیی هەرێم دەستنیشانکردنى حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون رادەگەیەنێت.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، تووشبووەکە پیاوێکی دانیشتووی ناحیەی بۆسکێن-ە لە قەزای رانیە، تەمەنى 29 ساڵە و پیشەی ئاژەڵدارە و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە.

راشیگەیاند، دوای گومانلێکردنى بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، چەندین رێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، لەئێستاشدا لەژێر چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تائێستا باری تەندروستی جێگیرە.

وەزارەتى تەندروستى داوا لە هاوڵاتیان دەکات رێنماییەکان جێبەجێ بکەن و، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکەنەوە. هەروەها هاوڵاتییانی بەرکەوتووی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی و بێ دواکەوتن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.

روونیشیدەکاتەوە، تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشییەکە و سەردانیان بۆ نەخۆشخانەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆیان لەماوەی دوو مانگی رابردوودا، دەرەنجام تەنها چوار حاڵەت دەستنیشانکراون و لەو ژمارەیەش تەنها یەکێکیان گیانیلەدەستداوە، ئەوانى دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوون.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share