شارەزایەکى کەشناسى دەڵێت، ئەو باى شەماڵەى هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە ئاماژەیەکى باشە بۆ دابارین لە پاییزى داهاتوودا.
شاڵاو هیدایەت، شارەزاى بوارى کەشناسى رایگەیاند، هەڵکردنى “باى شەماڵ” لە ئەمساڵدا و وازوو دەستپێکردن و باڵادەستبوونى بۆ چەند رۆژى دیکەش، دەستپێکێکى باشە بۆ ساڵى ئاییندە.
وتیشى، “بەپێى چاودێریم بۆ رەگەزەکانى کەشوهەوا لەناویاندا جوڵە و ئاراستەی با، تا ئێستا بای شەماڵ زیاتر باڵادەستە وەک لە رەشەبا لەچاو ساڵى رابردوو، ئەمەش دەستپێکێکی باشە بۆ وەرزی دابارینی داهاتوو، گەر مانگەکانی داهاتوو ناوبەناو بای شەماڵ بەمشێوەیە چالاک بێت، ئەوە بە ئەگەری زۆرەوە وشکەساڵی رووناداتەوە و ساڵێکی باش دەبێت لەڕووی دابارینەوە “.
بەپێى ئەو نیشانانەى ئەزموونم کردوون پاییزى داهاتوو لە چاو پاییزى رابردوو باشتر دەبێت لەڕووى بارانەوە تا ناو مانگى 11ش، بەڵام بۆ زانینى رەوشى بارانبارین لە مانگى 12 و دواتر پێویستمان بە کاتى دیکەیە بۆ ئەوەى بزانین وەرزى دابارین لەو مانگانە چۆن دەبێت، شاڵاو هیدایەت وادەڵێت.
سەبارەت بە باى شەماڵ-یش روونیکردەوە، باى شەماڵ بەوە ناسراوە کە بایەکی فێنکە، بەهۆی هەڵکردنی شوێنی جوگرافیای ئەو ناوچانەی لێوەی هەڵدەکات خێراییەکەی بەگشتی لەنێوان پێنج تا 25کم لە کاتژمێرێکدایە و هەریەک لە بای باکوور و بای باکووری رۆژئاوا سەرچاوەی دروستبوونین.
دووپاتیشیکردەوە، هەر جارێک بای شەماڵ لە بەهاران و هاویناندا وەک پێویست چالاکبوو، ئەوە پێشبینی ساڵێکی ئاسایی و باشی داباراناوی دەکرێت.
ئەو شارەزایە روونیشیکردەوە، جگه لەمە چەندین ئاماژەی دیکە هەن کە لە وەرزی گەرمادا هەبن نیشانەی باشن، وەک بوونی بەختەبارانی دەریایی، بەتایبەت ئەو دەریایانەى کاریگەریی سەرەکی و زیاتریان هەیە لەسەر ناوچەکە.