تیمێکى توێژەرانى بەریتانى و ئەمریکى گەیشتنە زانیارییەکى نوێى سەرنجڕاکێش دەربارەى ئەوەى لە مێشکماندا روودەدات لەکاتى خەوتندا و، پرۆسەکەیان لێکچوواندووە بە “ئامێرى شۆردنى قاپ” و لە خەو هەستان بە مێشکێکى خاوێنەوە.
توێژینەوەکە لەسەر مشک ئەنجامدرا، زانایان تێبینییان کرد کە مێشک شەپۆلى کورتى ماددەى نورئەدرینالین بە نزیکەیى هەر 50 چرکەیەک دەنێرێت. ئەم ماددەیە کە لەلایەن رژێنەکانى ئەدرینالینیشەوە دەردەدرێت و بە هۆرمۆنى فشار ناسراوە، رۆڵێکى سەرەکى دەگێڕێت لەوەى توێژەران بە “خاوێنکردنەوەى ناوخۆیى” ناویان بردووە.
هەر جارێک ناردنى نورئەدرینالین دەبێتە هۆى چوونەوەیەکى دەمارە خوێنەکانى ژێر کەناڵەکانى مێشک بۆ چەند چرکەیەک و دواتر فراوانبوونەوە، ئەمەش پاڵ بە شلەى مێشک – یان ئەوەى ناودەبرێت بە شلەى خاوێنکردنەوە- دەنێت بۆ چوونە ناو کەناڵەکان بەرەو گرێ لیمفاوییەکانى نزیک لە بەشى دەرەوەى مێشک، کە بە بەشێکى سیستمى دەردان لە جەستەدا دادەنرێت.
توێژەران روونیانکردەوە, “ئەم میکانیزمە ئەرکێکى زیندوو و رێکخراو لەکاتى خەوتندا جێبەجێ دەکات، پەیوەندییەکى راستەوخۆیشى دەبێت بە تەندروستیی مێشک بۆ درێژ مەودا”.
ئەوەى مایەى سەرنجە لە توێژینەوەکەدا، تیمەکە تێبینیی پاشەکشەیەکى گەورەى لە پرۆسەکەدا کرد، لەو مشکانەدا کە دەرمانى “زولبیدیم”یان پێردرا، کە خەولێخەرێکى باو و بڵاوە. سەرەڕاى ئەوەى ئەم مشکانە بە خێرایی خەویان لێکەوت، بەڵام تیایاندا چالاکیی نورئەدرینالین بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزى، ئەمەش کاریگەریی “خاوێنکردنەوەى شەوانەى مێشک”ی کەمکردەوە.
سەرەڕاى ئەوەى تاقیکردنەوەکە لەسەر مشک ئەنجامدرا، توێژەران دەڵێن، هەمان رێوشوێن بەسەر مرۆڤیشدا جێبەجێ دەبێت، بەڵام دووپاتیان کردەوە کە پێویستە توێژینەوەى زیاتر بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەنجامەکان.
ئەم ئەنجامانە دەرگا واڵا دەکات بۆ تێگەیشتنى نوێ دەربارەى کاریگەریى دەرمان لەسەر کوالێتیی خەو، بەتایبەت لاى ئەو کەسانەى بەدەست تێکچوونى درێژخایەنى خەوەوە دەناڵێنن، هەروەک تیشکدەخاتەسەر گرنگیی خەوى سروشتى لە بەهێزکردنى تەندروستیی مێشک و پاککردنەوەى لە “پاشماوە”ى خراپ.