ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 پلەی رێختەر لە دورگەیەکی یۆنان روویدا.
بەپێی راپۆرتی جیۆلۆجیی ئەمریکا، بومەلەرزەکە لە دووریی 82 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی هێراکلیۆن لە دورگەی کریت و لە قووڵایی 68 کیلۆمەتر روویداوە.
لەبارەی زیانەکانی بومەلەرزەکە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە.
لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵیشدا دورگەیەکی دیکەی یۆنان “سانتۆرینی” کە دەکەوێتە دەریای ئیجە و شوێنێکی گەورەی گەشتیارییە لە وڵاتەکەدا، چەندین بومەلەرزەی تێدا روویدا و بەشێک لە دانیشتووانی ناچار بە هەڵاتن کرد.
یۆنان لەسەر چەندین هێڵی هەڵەی جیۆلۆجی لە باشووری رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هەڵکەوتووە و بەو هۆیەوە بومەلەرزەی زۆری تێدا روودەدات.
دوایین بومەلەرزەی کوشندە لە یۆنان لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 بوو، کە دورگەی سامۆسی گرتەوە کە دەکەوێتە دەریای ئیجە لە نێوان یۆنان و تورکیا.
بومەلەرزەکە بە گوڕی 7.2 پلەی رێختەر بووە و بەهۆیەوە دوو کەس لە دوورگەی سامۆس و زیاتر لە 100 کەسیش لە شاری ئیزمیری کەنار دەریاکانی تورکیا گیانیان لەدەستدا.