زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە پەیامێكیدا، وردەكاریی بڕیارەكانی قەندیل لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و رادەستكردنی چەكەكانەوە رادەگەیەنێت و دەڵێت،”هیچ كەس لەپەكەكە باسی دانان و رادەستكردنی چەكی نەكردووە”.
زاگرۆس هیوا ڕاشیگەیاند، “بڕیارەكانی كۆنگرەی 12ی پەكەكە، ناتوانین وەك بڕیاری دەستپێكردنی پڕۆسەی ئاشتی پێناسە بكەین، باشتروایە ئەم بڕیارانە وەك بڕیاری سەردەمێكی نوێ و سەردەمی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی پێناسە بكرێت”.
وتیشی،”دانوستان بۆ پڕۆسەی ئاشتی هێشتا دەستیپێنەكردووە، چونكە هەردوولا لەسەر ناوی پڕۆسەكە هاوڕا نین، توركیا هێشتا دەستەواژەی تیرۆر بۆ ئەم پڕۆسەیە بەكاردەهێنێت، ناكرێت لەلایەكەوە باسی ئاشتی بكەیت و لەلایەكی دیكەشەوە زمانێك بەكاربهێنیت كە هەست و ویژدانی دەروونی تاكی كورد بریندار دەكات”.
ئەوەشی روونكردووەتەوە، “ئەو بڕیارەی پەكەكە لە كۆنگرەی 12ی خۆیدا داویەتی، وەك كۆتاییهێنان بەشێوازی خەباتی چەكداریی پێناسە كراوە، كەس باسی دانانی چەك و رادەستكردنی چەكی نەكردووە، لەبەرئەوەی ئێستا زەمینەی دانان و رادەستكردنی چەك بوونی نییە و رۆژانە هێرش بۆسەر پێگەكانی گەریلا بەردەوامە لەلایەن توركیاوە”.
وتەبێژی كەجەكە باسی لەوەشكرد، “تەنانەت تاوەكو ئێستا ماوەی نێوان گەریلاكانی پەكەكە و سوپای توركیا لە50 بۆ 100 مەترە، لەدۆخێكی وەهادا چۆن دەكرێت و دەبێت باسی چەكدانان و رادەستكردنی چەك بكرێت، لەبری ئەوە، پێویستە باسی كشانەوەی سوپای توركیا لە خاكی باشووری كوردستان بكرێت”.
لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا زاگرۆس جەختیكردەوە، “هەروەها هێز و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بەرلەوەی خۆیان بكەن بە قارەمانی پڕۆسەی ئاشتی، هەوڵبدەن بەشێوەیەكی ڕاستگۆیانە بەشداریی پڕۆسەكە ببن، بەخۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، دەرفەتێكی گەورە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی گوتاری سیاسیی باشووری كوردستان دروستبووە”.
لە كۆتایی پەیامەكەشیدا دەڵێت،”پێویستە هێزەكانی باشوور لەبری ئەوەی پەیتا پەیتا داوای دانان و رادەستكردنی چەك لە پەكەكە بكەن، داوا لەتوركیا بكەن ئۆجەلان ئازادبێت و گەلی كوردیش لە باكوور بەمافەكانی خۆی بگات”.