بە چاودێریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و، بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، رۆژانی 18 و 19ى ئایار، کۆڕبەندی دێڵفی – سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
نووسینگەى راگەیاندنى جێگرى سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، کۆڕبەندی ئابوری دێڵفی، کۆڕبەندێکی ستراتیژییە بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی و گەشەپێدانی هەرێمایەتی، کە تێیدا تاوتوێی بوارەکانی ئاسایش، وزەی بەردەوام، هەمەچەشنیی ئابوری و دواپێشهاتەکان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان.
کۆڕبەندی دێلفی – سلێمانی، دەستپێشخەرییەکی نوێیە بۆ دیالۆگ لەسەر ئاستی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت، کە یەکەمجارە لە سلێمانی دەبەسترێت.
دەشڵێت، لە کۆڕبەندەکەدا چەندین کەسایەتی عێراق و یۆنان و جیهان و گەورە بازرگانان و خاوەن سەرمایەکانی جیهان بەشداردەبن بۆ داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی بازرگانی و هێنانەکایەی هەماهەنگی لە ناوچەکەدا.
کۆڕبەندەکە بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی سکرتاریەتی گشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دێسکی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان و ئاژانسی یۆنانی (ئیتەرپرایس گریس)، بەڕێوەدەچێت، وەک ئەوەى لە راگەیەندراوى نووسینگەکەدا هاتووە.
ئاماژەشدەدات، کۆڕبەندی دێلفی – سلێمانی دەبێتە سەکۆیەکی نێودەوڵەتی پێشەنگ بۆ داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی بازرگانی و هاوکاری لە ناوچەی فراوانتردا و سلێمانیش پردێک لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە ساتێکدا کە هەماهەنگیی جیهانی لە هەموو کاتێک پێویستترە.
