پێنج یاریزان لەدوای ڕۆیشتنیان لە ڕیاڵ مەدرید گەیشتنە لوتکەی تۆپی پێ

ئارێن ڕۆبن و شنایدەر لەو یاریزانانە بوون لەدوای ڕیاڵ مەدرید نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا

یاریزانانی بواری تۆپی پێ بە شێوەیەکی جیاواز لە یانەی ڕیاڵ مەدرید دەڕوانن، یاریکردن لەم یانە خەونی گەورەیە و هەر یاریزانێک پێیبگات وەک ئەوە وایە بە لوتکەی هەرەمی تۆپی پێ گەیشتبێت.

یاریکردن بۆ یانەیەکی زەبەلاحی وەک شاهانەی مەدرید ئاسان نییە، بۆ هەندێک لە یاریزانان دەبێتە هەنگاوی گەورە و بە جیهانیبوون و بۆ هەندێکی دیکەشیان شکستی بەدوادادێت بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەلایەن هاندەران و میدیاوە دەخرێتە سەریان.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ناوی پێنج یاریزانی ناوداری بواری تۆپی پێ دەکەین، کە بەپێچەوانەوە، بە دوورکەوتنەوەیان لە ڕیاڵ مەدرید لە ئاستەنگی ڕزگاریانبوو و گەیشتنە ئاستێکی باڵا و چەندین نازناویان چنییەوە.

کلارنس سیدۆرف: دوای ئەوەی نازناوی لالیگا و خولی یانە پاڵەوانەکانی بەدەستهێنا، ساڵی 1999 ناچارکرا یانەی شاهانە بەجێبهێڵێت.

لەم بارەیەوە دەڵێت، ” ڕیاڵ پێویستی بە پارە بوو، منیش گرانبەهاترینی پێکهاتەی ئەو سەردەمە بووم و بڕیاریاندا بمفرۆشن”.

ڕەش ئەسمەرەکەی هۆڵەندا پەیوەندی بە ئینتەرەوە کرد و دواتر لەگەڵ فرانچیسکۆ کوکو ئاڵوگۆڕی پێکرا و درێسی میلانی پۆشی، ساڵی 2003 نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ میلان بەدەستهێنا و بووە تاکە یاریزان لە سێ یانەی جیاواز (ئەیاکس، ڕیاڵ، میلان) نازناوەکە دەچنێتەوە.

ساڵی 2007 دووبارە لەگەڵ میلان جامە گوێچکەدارەکەی ئەوروپای بەرزکردەوە، وەک باشترین یاریزانی هێڵی ناوەندی ئەو ساڵە دەستنیشانکرا.

سیدۆرف ساڵی 2012 میلانی بەجێهێشت و لەکۆی 431 یاری 63 گۆڵی تۆمارکرد، یاریدەدەری سەرەکی بوو بۆ بەدیهێنانی خەونە ئەوروپیەکان لە هەرێمی لۆمپاردیا.

کلارنس سیدۆرف

ئارێن ڕۆبن: ساڵی 2007 لە چێڵسی-یەوە پەیوەندی بە ڕیاڵەوە کرد، یاریدەی یانە زەبەلاحەکەی مەدریدیدا نازناوی لالیگا بچنێتەوە، بەڵام ساڵی 2009 بەهۆی کڕینی کاکا و کریستیانۆ ناچارکرا بڕوات و بە 21 ملیۆن یورۆ پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کرد.

لەگەڵ یانە باڤارییەکە 309 یاری ئەنجامدا و 144 گۆڵی تۆمارکرد، ساڵی 2019 وازهێنانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هەشت نازناوی بوندس لیگا و خولی یانە پاڵەوانەکان و پێنج نازناوی “دی ئێف بی پوکاڵ”ی چنییەوە، لە ڕیزبەندی هۆڵکارە مێژووییەکانی بایرنیشدا گەیشتە پلەی هەشتەم.

ئارێن ڕۆبن

ویسلی شنایدەر: هۆڵەندیەکی دیکەیە کە لە دوای جێهێشتنی ڕیاڵ و پەیوەندیکردنی بە یانەی ئینتەرمیلان بوژایەوە.

ساڵی 2009 بەهۆی کڕینی کاکا و چابی ئالۆنسۆوە وەک زیادەیەک مامەڵەی لەگەڵداکرا و ڕەوانەی ئینتەرمیلان کرا،

لە چامپیۆنزلیگی وەرزی 2009/2010 بووە باشترین ڕەخسێنەری گۆڵ، وەک باشترین یاریزانی هێڵی ناوەندی ئەوروپاش دەستنیشانکرا و ئەگەر چانس یاوەری بوایە دەبوو خەڵاتی باڵۆندۆر بچنێتەوە.

لە هاوینی هەمان وەرز، گەیشتە فاینەڵی مۆندیالی ئەفریقای باشوور و پێنج گۆڵی لە پاڵەوانێتیەکە تۆمارکرد، هەروەها نازناوی چامپیۆنزلیگ و کالچیۆی بەدەستهێنا و بووە یەکێک لە کوڕە ئاڵتونیەکانی جیلی زێڕینی نێراتزۆری.

ویسلی شنایدەر

کلود ماکالیلی: یاریزانە فەرەنسیەکە هاوشێوەی ئەوانی دیکە ساڵی 2003 یانەی ڕیاڵ مەدریدی بەجێهێشت و چانسی خۆی لە خولی نایابی ئینگلیزی تاقیکردەوە.

بە درێسی لۆس بلانکۆسەوە نازناوەکانی لالیگا دوو جار، خولی یانە پاڵەوانەکان و مۆندیالی یانەکان و سوپەری ئەوروپای بەدەستهێنا، لە چێڵسیش ڕۆڵی سەرەکی گێڕا لە چنینەوەی نازناوی پریمەرلیگی 2005 و 2006.

دوای پێنج وەرزی پڕاوپڕ لە سەروەری، مایسترۆ فەرەنسیەکە ساڵی 2008 بلوزی لەندەنی بەجێهێشت و پەیوەندی بە یانەی پاریس سانت جێرمانەوە کرد.

کلود ماکالیلی

خامێس ڕۆدریگێز: هاوینی ڕابردوو ئەستێرەکەی کافیتیرۆس بە شێوەی خواستن بۆ دوو وەرزی بێبەرانبەر پەیوەندی بە یانەی ئێڤەرتۆنەوە کرد.

لە دەستپێکەوە بە درێسی ماگپایس لە کۆی 14 یاری سێ گۆڵی تۆمارکرد و پێنج گۆڵی ڕەخساند لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکان، بەڵام پێکانەکان جارێکی دیکە ناچاریانکرد دووربکەوێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی زە سەن، ئاست بەرزی “خامێس” لە ئێڤەرتۆن لە سەرەتای وەرزەوە ئیدارەی یانەی شاهانەی لە زێدان توڕەکردووە، پێیان وابووە پشتگوێخستن و یارینەکردنی بەم ئەستێرە جیهانییە دووچاری هەڵەیەکی گەورەی کردوون، بەڵگەشیان داتا و ژمارەکانی بووە لەژێر چاودێری کارلۆ ئەنچلۆتی ڕاهێنەری ئیتاڵی، کە پێشتریش لە ڕیاڵ و بایرن کاری لەگەڵدا کردووە و دەزانێت چۆن وزە زۆرەکەی بەگەڕدەخات.

جەیمس ڕۆدریگێز
بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی: لامەرکەزی فاکتەری بەهێزترکردنی هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵکە

بابەتی دواتر

ئەو بڕە ئاوە چەندە کە پێویستە بخورێتەوە تاوەکو سودە تەندروستییەکانیمان دەستکەوێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share