پەکەکە بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا و دەڵێت، کۆتایی بە هەموو ئەو کارانە هات کە بە ناوی پەکەکەوە دەکران.
پارتى کرێکارانى کوردستان “پەکەکە” راگەیەندراوى ئەنجامى کۆنگرەى 12ى حزبەکەى بڵاوکردەوە و دەڵێت، “دوازدەهەمین کۆنگرەی حزبەکەمان کە لە نێوان 5-7ی ئایار بەڕێوەچوو، بە سەرکەوتوویی تەواو بوو”.
دەشڵێت، “کۆنگرەکەمان سەرەڕای هەلومەرجی سەخت کە پێکدادان بەردەوام بوو، هێرشی ئاسمانی و زەمینی بەردەوام بوو، گەمارۆدانی ناوچەکانمان و گەمارۆی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام بوو، کۆنگرەکەمان بە سەلامەتی بەڕێوەچوو. لە دوو ناوچەی جیاوازدا لە یەک کاتدا بە هۆکاری ئەمنی بەڕێوەچوو. کۆنگرەی دوازدەهەمی پارتی کە بە بەشداری کۆی گشتی ٢٣٢ نوێنەر بەڕێوەچوو، پرسی سەرکردایەتی، شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، بوونی رێکخراوەیی پارتی و شێوازی خەباتی چەکداری و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی تاوتوێکرا و بڕیاری مێژوویی دا کە ئاماژە بوو بۆ چوونە ناو سەردەمێکی نوێ بۆ تەڤگەری ئازادیمان”.
لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرسی کورد گەیشتووەتە ئاستێک کە لەڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە چارەسەری بکرێت، لەو رووەوە ئەرکی مێژوویی پەکەکە تەواو بوو، “لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی دوازدەهەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی تەشکیلاتی پەکەکە-ى دا و کۆتایی بە میتۆدی خەباتی چەکداری هێنا، لەگەڵ پڕۆسەی پراکتیکی کە لەلایەن رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبرێت و ئەنجام بدرێت، و کۆتایی بەو کارانە هێنا کە لەژێر ناوی پەکەکەدا ئەنجام دەدرا”.
دوپاتیشیدەکاتەوە، ئەو بڕیارەی کۆنگرەی ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە پەکەکە و کۆتایی هێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری، بنەمایەکی بەهێز بۆ ئاشتی هەمیشەیی و چارەسەری دیموکراسی دەڕەخسێنێت. جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە قسەیان لەسەر دەکرێت، پێویستی بە سەرکردایەتی و ئاراستەکردنی پرۆسەکە، دانپێدانان بە مافی سیاسەتی دیموکراسی و گەرەنتییەکی یاسایی تۆکمە و یەکگرتوو، ڕێبەر ئاپۆ هەیە. لەم قۆناغەدا گرنگە پەرلەمانى تورکیا بە بەرپرسیارێتی مێژووییەوە رۆڵی خۆی بگێڕێت. بەهەمان شێوە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە نوێنەرایەتیان لە پەرلەماندا هەیە، بەتایبەتی حکومەت و پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پێکهاتە ئایینی و باوەڕییەکان، رێکخراوە ڕۆژنامەوانییە دیموکراسیەکان، رابەرانی بیروڕا، رۆشنبیران، ئەکادیمیستەکان، هونەرمەندان، سەندیکاکانی کرێکاران، رێکخراوەکانی ژنان و گەنجان، و بزووتنەوە ئیکۆلۆژییەکان بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیدا بکەن.
هەروەک بانگهێشتی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەن کە بەرپرسیارێتی خۆیان لەو “سیاسەتە جینۆسایدانەی سەدەیەک لە دژی گەلەکەمان ئەنجامدراون ببینن و رێگری لە چارەسەری دیموکراسی نەکەن و بەشداریی بنیاتنەری خۆیان لە پرۆسەکەدا بکەن”.



