هۆکاری دابەزینی نرخی دۆلار ئاشکرادەکرێت

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو پلانە ستراتیژییەی کە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە جێبەجێدەکرێت بە هاوکاری لەگەڵ بانکەکان، بووەتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، “کەمبوونەوەی جیاوازیی نێوان نرخی رەسمیی ئاڵوگۆڕ و نرخی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕی هاوتەریب (رەش)، یەکێکە لە دیارترین نیشانەکانی سەرکەوتنی پلانی ستراتیژیی بانکی ناوەندی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم پلانە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لە بەرزکردنەوەی سەقامگیریی بازاڕی دراو، کە ئەمەش بەسوودە بۆ بەهێزبوونی دیناری عێراقی فاکتەرێکی سەرەکیشە، بۆ باشترکردنی ژینگەی بازرگانی و راکێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی”.

جەختیشی لەوە کردەوە، بانکی ناوەندیی عێراق سەرکەوتوو بووە لە دامەزراندنی سیستمێکی چاودێریی ئەلیکترۆنی، بۆ لێکۆڵینەوە لە گواستنەوە و کارەکانی بانک بە دراوی بیانی، ئەم رێگەیە چەندین قۆناغی تێپەڕاندووە و کاریگەریی بەرچاوی دروستکردووە لەسەر بەرزکردنەوەی بەهای دینار.

“ئەم رێوشوێنانە لە چوارچێوەی پلانی بانکی ناوەندییە بۆ چاکسازی لە سیستمی دارایی و بانکی، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەش، پێویستی بە هاوکاری و پابەندبوونی بەردەوام هەیە لە نێوان بانکی ناوەندی و بانکە نیشتمانییەکان”، مەزهەر محەمەد ساڵح وای وت.

لەم هەفتەیەی دواییدا، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لەئێستادا، 100 دۆلار بەرامبەرە بە 142 هەزار و 500 دیناری عێراقی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share