دوای 12 ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری، ژنێکی یۆنانی، دوای ئەوەی چاتبۆتی ChatGPT ئاگاداری کردەوە کە هاوسەرەکەی فێڵی لێدەکات، بڕیاری جیابوونەوەی دا.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئۆدیتی سێنتراڵ، ژنەکە داوای لە ChatGPT کردووە، فاڵی بۆ بگرێتەوە و لەڕێی کوپی قاوەکەیەوە، داهاتوو و ژیانی لێکبداتەوە؛ بۆ ئەم مەبەستە وێنەی کوپە قاوەکەی بۆ ئەو چاتبۆتە ناردووە.
پاش بینین و لێکدانەوەی، ChatGPT پێی راگەیاندووە، پیاوەکە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ ژنێکی دیکەدا هەیە و ناوەکەیشی بە پیتی E دەستیپێدەکات، کە هاوکات پلانی لەناوبردنی خێزانەکەش دادەڕێژێت.
ئەو ماڵپەڕە ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای ئەوەی پیاوەکە بابەتەکەی بە خەندەئامێز و گاڵتەوگەپ لێکداوەتەوە، بەڵام ژنەکە بە جددی وەریگرتووە و داوای لە هاوسەرەکەی کردووە دەستبەجێ ماڵەکەیان بەجێبهێڵێت؛ راستەوخۆ بە منداڵەکانی وتووە، خۆی و باوکیان دەیانەوێت جیاببنەوە و تەنانەت پەیوەندییشی بە پارێزەرێکەوە کردووە، پاش سێ رۆژیش، نووسراوی جیابوونەوەی بۆ پیاوەکە ناردووە.
بەپێی هەواڵی ئەو ماڵپەڕە، پیاوەکە ئەوەی ئاشکراکردووە کە هاوسەرەکەی لە ژێر کاریگەریی ئەستێرەناسی و لێکدانەوەی داهاتوودا بووە و خولیایەکی بێوێنەی بۆ ئەو بابەتە هەبووە.
ئەم کەیسە لە یۆنان دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە و نیگەرانییەکانی لەبارەی پشتبەستن بە زیرەکیی دەستکرد، لە بابەتە کەسییەکاندا زیاتر کردووە.