شارەزایەکی کەشناسی: پلەی گەرمی نزمدەبێتەوە و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی خۆڵبارین لەگەڵ تاوەباران بەڕێوەیە و پلەی گەرمی نزمدەبێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی بارستەھەوای گەرمی باکوری ئەفریقا، سبەی یەکشەممە پلەی گەرمی کەمێک بەرزتردەبێتەوە بەراورد بە ئەمڕۆ و لە دوو سبەی دووشەممەوە، کاریگەریی ئەو گەرمایە لەسەر ناوچەکانمان کەمدەبێتەوە لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی بارستەھەوایەکی فێنک بۆ سەر ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و تورکیا.

دەشڵێت، ناجێگیربوونی کەشوھەوا لە ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە و ئەگەری ھەورەبروسکە و نمەباران لە ھەندێک شوێندا دەبێت، بۆ رۆژی سێشەممەش، کاریگەریی ئەو ناجێگیرییە زیاتر دەبێت و ئەگەری چالاکبوونی بای رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوا دەبێت بە خێرایی 15-40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بەھۆیەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین لە ناوچەکانی سوریا و رۆژئاوای عێراقەوە، ناوچەکانی باشووری ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دەگرێتەوە، پلەی گەرمییش زیاتر نزمدەبێتەوە و کەش تا رادەیەک فێنک دەبێتەوە.

ئاراس جەبار ئەوەشیخستەڕوو، “بەگشتی کاریگەریی ئەم حاڵەتە تا کۆتایی ھەفتە، رۆژی پێنجشەممە بەردەوامیی دەبێت و ناوبەناویش، لە شوێن و کاتی جیاوازدا، بەتایبەت رۆژی پێنجشەممە ھەورەبروسکە چالاک دەبێت و ئەگەری تاوەباران دەبێت؛ بارانەکە بۆ زۆربەی ناوچەکان کەمە، بەڵام لە ھەندێک شوێندا بە دیارینەکراوی بارانی بەخوڕ و تەرزەش دەبارێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نوێنەرانی یەکێتی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ژمارەیەک داواکارییان جێگیرکرد

لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ئامادەیبوون، نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارەیەک داواکارییان جێگیرکرد لەبارەی…
Total
0
Share