بەرپرسێک لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، جگەرەی ئەلیکترۆنی نەوەکان لەناودەبات و، هاوردەکردن و فرۆشتنی لە عێراق قەدەغەدەکرێت.
وەسیم کیلانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامی کۆنترۆڵکردنی تووتن لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، یاسای نوێی (پاراستنی زیانەکانی تووتن) کە بەم نزیکانە دەردەچێت، کۆتایی بە بڵاوبوونەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی کە بە “ڤایپ” ناسراوە، لە وڵاتدا دەهێنێت.
وتیشی، “یاساکە بەتوندی قەدەغەی هاوردەکردن و فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکات و ئەوانەی سەرپێچی بکەن، سزای وەک (غەرامەکردن و دەستبەسەرداگرتنی ڤایپ) دەدرێن”.
ئەو بەرپرسە تەندروستییە ئاماژەی بەوەشکرد، جگەرەی ئەلیکترۆنی لەئێستادا بەشێوەیەکی بەرچاو لە نێو گەنجان و منداڵان و تەنانەت کچانیشدا بڵاوبووەتەوە.
کیلانی ئەوەشی ئاشكراکرد، لە هەر پێنج هاوڵاتییەکی عێراقیدا، یەکێکیان جگەرەکێشە، ئەمە لەکاتێکدایە، جگەرەکێشان یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی مردن لە عێراق و جیهانیشدا.