بەگوێرەی ماڵپەڕی (World Population)، عێراق لە لیستی بەرزترین نرخی ئاوی دەبەدا، پلەی پێش کۆتایی بەدەستهێناوە.
ماڵپەڕەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، نرخی ئاوی دەبەی 0.33 مل لە ئەوروپا یان ئەمریکای باکور تێکڕای 2.50 دۆلارە، کە ئەمەش زۆر گرانترە بەراورد بە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا.
دەشڵێت، هۆکاری بەرزیی نرخەکەی لە ئەوروپا و ئەمریکای باکور، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێوشوێنە توندانەی بۆ کوالێتی و پاڵاوتنی ئاوەکە جێبەجێدەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەر ئاستی جیهان، سویسرا لەڕووی بەرزترین نرخی دەبەی ئاوەوە، لە پلەی یەکەمدایە بە نرخی 4.58 دۆلار، لە دوای ئەویش لۆکسمبۆرگ بە 3.40 دۆلار و دانیمارک بە 2.92 دۆلار و ئەڵمانیا بە 2.69 دۆلار.
بەپێی راپۆرتەکە، لەنێو وڵاتە عەرەبییەکاندا، ئیمارات لە ریزبەندیی یەکەمی بەرزترین نرخی دەبەی ئاوە بە 60 سەنت، دوای ئەو فەڵەستین بە 59 سەنت، کوێت بە 42 سەنت، ئوردن بە 38 سەنت و مەغریب بە 36 سەنت.
هەر لە راپۆرتەکەی ئەو ماڵپەڕەدا هاتووە، عێراق لە پلەی پێش کۆتایی بەرزترین نرخی دەبەی ئاوە لە جیهاندا، کە نرخەکەی 20 سەنتە بۆ هەر دەبەیەک، هەروەها میسر لە پلەی کۆتاییدا هاتووە کە هەر دەبەیەک لەو وڵاتە، بە 12 سەنتە.