سودانی رەزامەندیی دا و زەوی دەدرێتە ئەم کەسانە

محەمەد شیاع سودانی رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی زەویی نیشتەجێبوون بۆ کارمەندانی پزیشکی و تەندروستی لە بەغداد و پارێزگاکان، دەربڕی.

لە راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتووە، “وەک پێزانێک بۆ هەوڵەکانی کارمەندانی پزیشکی و تەندروستی لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندیی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی زەویی نیشتەجێبوونی خزمەتکراو بۆ ئەم توێژە لە بەغداد و پارێزگاکان”.

دەشڵێت، ئەمەش لەسەر بنەمای بڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی (34ی ساڵی 2020)، کە بڕگەی یەکەمی بریتیبوو لە راسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێدانی زەوی بە ئەو کارمەندانەی کە لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا کاردەکەن و بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەیە، بۆ پێدانی زەویی نیشتەجێبوونی خزمەتکراو.

بەگوێرەی ئەم رەزامەندییە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق لیستێک بۆ فەرمانگەکانی تەندروستی لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە ئامادەدەکات بۆ ئەو کەسانەی کە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (31ی ساڵی 2020) دەیانگرێتەوە، پاش جیاکردنەوەی ناوی ئەو سوودمەندانەی کە پێشتر دیاریکرابوون.

بەپێی راگەیەندراوەکە، هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونیش راسپێردران بۆ ئەوەی داوا لە شارەوانییەکانی پارێزگاکان بکەن، لیستی ناوی ئەو کەسانەیان پێبدەن کە زەویی نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە، هەروەها شارەوانیی پارێزگاکان رابسپێردرێن بۆ جێبەجێکردنی دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کارمەندە پزیشکی و تەندروستییانەی، کە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران دەیانگرێتەوە و ئەوپەڕی گرنگیان پێبدرێت لە جێبەجێکردنیدا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share