پارێزگاری كەركوك داوای پشتیوانیی زیاتر لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و دەشڵێت، “ئەگەر تەنها 25%ی بودجە و میزانییەی ئیدارەی پێشووی پارێزگاكەمان لەبەردەستبێت، لە ماوەیەكی كەمدا كەركوك دەكەینە جوانترین و ئارامترین شاری عێراق”.
رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “بە سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانیم وتووە، “ئەگەر ئیدارەی ئێستای كەركوك لە سەدا 25ی بودجە و میزانیەی ئیدارەی پێشتری پارێزگاكەمان پێبدرێت، ئەوا لەماوەی 2بۆ3 ساڵی ئاییندەدا كارەكانمان لە جوانی، پاكی و رێگاوبان و خزمەتگوزایی لەسەر ئاستی عێراق یەكەم دەبێت و كەركوك دەكەین بەجوانترین و باشترین شار لە عێراق و هەرێمی كوردستان”.
وتیشی، “شاری كەركوك لە بوارە جیاوازەكاندا پێویستی بەگۆڕانكاری و خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە و هەموو كار و خزمەتێكیش بێگومان بودجەی پێویستە، بۆیە تاوەكو بودجەی زیاترمان لەبەردەست هەبێت، دەتوانین خزمەتی زیاتر بكەین”.
ئەوەشی خستەڕوو:”هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە كە كەركوك لەجوانی و ئارامی و خزمەتگوزاری و پێكەوەژیاندا یەكەمی شارەكانی عیراق بێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بەهاوكاری و پشتیوانی هەموو لایەك هەیە”.