بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی: نزیکەی هەشت باخچەی گەورە لە سلێمانی دروستدەکرێن

بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی رایگەیاند، “نزیکەی هەشت باخچەی گەورە لە سلێمانی دروستدەکرێن”.

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورە بڕیاریدا باخچە دێرینەکەی بەرامبەریشی نۆژەنبکرێتەوە، بۆیە ئێستا لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی بە هاوکاریی کۆمپانیای ئانزۆ دەست بە نۆژەنکردنەوەی باخچەکە کراوە”.

وتیشی، “لەڕووی ئاودێریی، سەوزایی، کارەبا، کشتوکاڵی و سەرجەم بوارەکان کاری تێدادەکرێت و بەشێوازێکی مۆدێرن دیزاین دەکرێتەوە”.

باسی لەوەشکرد، لەبەر ئەوەی شوێنەکە لەناوبازاڕە و قەرەباڵغە بۆیە زیاتر بە شەودا کاری نۆژەنکردنەوەکەی ئەنجامدەدرێت، هەوڵدەدرێت زۆر بە خێرایی کارەکان تەواوبکرێن.

بەهرۆز سالار ئەوەشی خستەڕوو، “وەبەرهێن و کۆمپانیاکان رادەسپێردراون چەند پارچە زەوییەک لە سلێمانی سەوز بکرێن و بەردەوام خزمەتیان بکەن لەو چوارچێوەیەدا نزیکەی هەشت باخچەی گەورە دروستدەکرێن بەشێکیان سەوزکراون و بەشێکیشیان لە دەستپێکدان، یەکێک لە باخچەکان لە گەڕەکی کوردساتە و رووبەرەکەی 38 دۆنم و نیوە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share