ئێران پوچەڵکردنەوەى هێرشێکى ئەلیکترۆنى کە ژێرخانێکى گرنگى کردبووە ئامانج رادەگەیەنێت.
بەهزاد ئەکبەرى، یاریدەدەرى وەزیرى پەیوەندییەکانى ئێران، کە سەرۆکایەتیی کۆمپانیاى نیشتمانیی پەیوەندییەکان دەکات، بەرپەرچدانەوەى هێرشێکى گەورەى ئەلیکترۆنى لە دوێنێ یەکشەممە راگەیاند کە ژێرخانى وڵاتەکەى کردبووە ئامانج.
ئەکبەرى لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا وتى، “هەوڵە چڕەکانى تیمە ئەمنى و هونەرییەکانى کۆمپانیا و وەزارەتى پەیوەندییەکان، بووەهۆى ئاشکراکردن و پوچەڵکردنەوەى یەکێک لە هێرشە ئەلیکترۆنییە زۆر دژوار و فراوانەکان کە ژێرخانى نیشتمانی کردە ئامانج”.
باسى لەوەشکرد، تیمى تایبەتمەند سەرجەم رێوشوێنە خۆپارێزییە پێویستەکانى بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو هێرشە گرتەبەر و، ئامادەیى سیستمە ئەمنییەکانیشى بۆ بەرپەرچدانەوەى هەر هەوڵێکى دیکە لەو جۆرە لە ئاییندەدا خستەڕوو.